ئەندامێكی هاوپەیمانیی فەتح دوایین پێشهاتەكانی وتووێژی نێوان ڕەوتی سەدر و چێوەی هەماهەنگی دەربارەی پێكهێنانی حكومەتی نوێ لە عێراق ئاشكرادەكات.
موختار موسەوی، ئەندامی هاوپەیمانیی فەتح، یەكێك لە لایەنە شیعەكانی پێكهێنەری چێوەی هەماهەنگی، ڕایگەیاند، ئەگەرەكانی گەیشتن بە ڕێككەوتن لەنێوان چێوە و ڕەوت لەماوەی ڕۆژانی داهاتوودا زۆر لاوازە، ئاشكرایكرد، “ناكۆكییەكان تائێستا لەنێوان هەردوولا لەئارادان”.
موسەوی ماڵی شیعەی لە ئێستادا بە “پیاوێكی نەخۆش” چواند، هەمان ئەو وێناكردنەی بە دەوڵەتی عوسمانی دەوترا بەر لە هەرەسهێنانی.
ئەندامەكەی هاوپەیمانیی فەتح، كە هادی عامری سەرۆكایەتیی دەكات داوای لەهەردوولا كرد “لەسەر مێزی گفتوگۆ كۆببنەوە و بەرژەوەندیی گەلی عێراق بخەنە لیستی پێشینەكانیانەوە”.
لەوەتەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكەی تشرینی یەكەمی ڕابردووی ئەنجومەنی نوێنەران دەركەوتووە، سەرەتای ناكۆكییەكانی نێو ماڵی شیعە سەریانهەڵداوە.
ڕەوتی سەدر سوورە لەسەر پێكهێنانی حكومەتی “زۆرینەی نیشتمانی”، لایەنەكانی دیكەی شیعە، كە لە چێوەی هەماهەنگیدا كۆبوونەتەوە، خواستی بەشدارییان لە حكومەتی داهاتوو هەیە و داوادەكەن هاوشێوەی ڕابردوو حكومەتێك لەسەر بنەمای سازان پێكبهێندرێت.
ڕۆژی یەكشەممە 9ی ئەم مانگە ئەنجومەنی نوێنەران یەكەم كۆبوونەوەی ئەم خوولەی خۆی ئەنجامدا و دوای سوێندخواردنی یاسایی پەرلەمانتاران، سەرۆكی ئەنجومەنەكە و هەردوو جێگرەكەی هەڵبژێردران، دانیشتنەكە ناڕەزایی لایەنەكانی چێوەی هەماهەنگیی لێكەوتەوە و سكاڵا تۆماركراوە بۆ یەكلاكردنەوەی یاساییبوون و یاسایینەبوونی دانیشتنەكە.