ڕوانگەی سوری ئاماری كوژراو و شەهیدەكانی ئاڵۆزییەكانی حەسەكەی بڵاوكردەوە

ڕوانگەكە پێیوایە ژمارەی كوژراوانی داعش زیاتربن

ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ ژمارەی كوژراوانی داعش و قوربانییانی دیكەی چەند ڕۆژی ڕابردووی پێكدادانەكانی حەسەكەی بڵاوكردەوە، لانی كەم 61 چەكداری داعش كوژراون، لە قوربانییەكاندا هاوڵاتیی مەدەنیشی تێدایە.

ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ، كە بایەخ بە پرسی مافەکانی مرۆڤ دەدات لە سوریا، لەبارەی پێكدادانەكانی چەند ڕۆژی ڕابردووی حەسەكە و بەندیخانەی غوێران ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە، بەپێی ئامارەكانی ڕوانگەكە، 102 كەس لە پێكدادانەكاندا كوژراون و بوونەتە قوربانی، لەو ژمارەیە 61 چەكداری داعش كوژراون، بەڵام پێشیوایە ژمارەكە لەوە زیاترە، بەو پێیەی چارەنووسی ژمارەیەكی زۆر زیندانیی داعش دیارنییە و زانیارییشیان لەسەر بەشێك لە كوژراوەكانی داعش نییە.

هەروەها ڕوانگەكە ئاماژەی بە شەهیدبوونی 34 پاسەوانی بەندیخانەكە و هێزەکانی ئاسایش و دژەتیرۆری ڕۆژئاوا داوە، ئەمە جگە لە شەهیدبوونی لانی كەم حەوت هاوڵاتیی مەدەنی.

ڕوانگەی سوری لەگەڵ ئەوەی بەگشتی ئاماژەی بە 102 كوژراو داوە، بەڵام پێیوایە ژمارەكە لەوە زیاترە و زانیاریی تەواو لەوبارەیەوە لەبەردەستدا نییە، چونكە چارەنووسی چەند كەسێك دیارنییە و دۆخی بەشێك لە بریندارەكانیش ناجێگیرە.

شەوی پێنجشەممە لە بەندیخانەی غوێران لە حەسەكە، كە چەكدارانی داعشی تێدایە، ئاڵۆزی دروستبوو و لە دەوروبەری زیندانەكەش تەقینەوە ئەنجامدرا، ڕووداوەكان بە نزیكەیی هاوكات بوون و هەوڵ بوو بۆ هەڵاتنی زیندانییە داعشەكان، ژمارەیەكیشیان هەڵاتن، بەڵام دواتر دەستگیركردنەوەی دەیانیان ڕاگەیەندرا.

 هێزەكانی سوریای دیموكرات و هێزە ئەمنییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان هەرزوو بەریان بە پیلانەكە گرت و لە شەوی پێنجشەممەوە پێكدادان و ئاڵۆزی لە حەسەكە بەردەوامە.

بابەتی پێشتر

قەدەغەی هاتوچۆ بەهۆی كۆرۆناوە چ پەیوەندییەكی بە هەورەبروسكەوە هەیە؟

بابەتی دواتر

دوایین پێشهاتی وتووێژەكانی نێوان ڕەوتی سەدر و چێوەی هەماهەنگی ئاشكرادەكرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share