چێوەی هەماهەنگی: دەستپێشخەرییەكەمان كۆتایی بەو دۆخە چەقبەستووە سیاسییەی ئێستا دەهێنێت

چێوەی ھەماھەنگیی شیعەکان ڕایدەگەیەنێت، دەستپێشخەرییەكەیان بە سەرجەم لایەنەکان گەیشتووە و سەرەتایەکیشە بۆ کۆتاییهاتنی ئەو چەقبەستووە سیاسییەی ئێستا هەیە.

عەلی فەتلاوی، سەرکردە لە چێوەی ھەماھەنگیی شیعەكان بە میدیا عێراقییەكانی وتووە، لەپێناو کۆتاییھێنان بەو دۆخە چەقبەستووە سیاسییەی ھاتووەتە ئاراوە، چێوەی هەماهەنگی دەستپێشخەرییەکەی گەیاندووە بە ھەموو لایەنەکان، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت بەمنزیکانە کێشەکان کۆتاییان بێت و لێکتێگەیشتنی ھاوبەش لە نێوان ھێزە سیاسییەکاندا بێتە ئاراوە.

جەختیشی كردووەتەوە، گفتوگۆ و کۆبوونەوەی نێوان لایەنە سیاسییەکان ڕانەگیراوە و لەسەر ھەموو ئاستەکان بەردەوامە.

فەتلاوی ئاشكراشیكردووە، لە داھاتوویەکی نزیکدا چاوەڕواندەكرێت ھاوپەیمانییەکی سیاسیی نوێ بێتە ئاراوە، بە مەبەستی یەکلاکردنەوەی کێشە سیاسییەکان و پێکھێنانی حکومەتی نوێ.

پێشتر موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر ماوەی 40 ڕۆژی دیاریكردبوو بۆ چێوەی هەماهەنگی بەمەبەستی پێکھێنانی حکومەت، شەوی ڕابردووش بافڵ جەلال تاڵەبانی و سەركردەكانی چێوەی هەماهەنگی كۆبوونەوە.

لەکۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دەستپێشخەرییەکەی چێوەی هەماهەنگی کرا کە وەک دەرچەیەک بۆ دەربازبوون لەو دۆخە سیاسییە چەقبەستووەی عێراق پێشکەشکرا.

لە درێژەی کۆبوونەکەدا هەردوولا جەختییان لەوە کردەوە کە دەبێت دەستپێشخەرییەکەی چێوەی هەماهەنگی بەشێوەیەک دابڕێژرێت کە خزمەت بە پرۆسەی سیاسی لە عێراق بکات و زمانی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنی هاوبەش بهێنێتە ئاراوە لەنێوان هێز و لایەنە سیاسییەکاندا. هاوکات بێت لەگەڵ داواکارییە رەواکانی خەڵک و خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکان بکات و لەپێناو بونیادنانی داهاتوویەکی ئارام و سەقامگیر بێت.

بابەتی پێشتر

لێدوانی ئەنچیلۆتی پاش بردنەوەی ڕیاڵ مەدرید لە چێڵسی

بابەتی دواتر

لێدوانی بنزیمە پاش تۆماركردنی سێ گۆڵ بەرامبەر چێڵسی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share