دوای ئەوەی دوێنێ حوسییەکانی یەمەن بەرپرسیارێتیی هێرشەکانی سەر ئیماراتیان گرتە ئەستۆ، وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی یەمەن ڕایگەیاند، چەکەکانی هێرشەکە هەموویان ئێرانی بوون.
بەپێی بەیاننامەیەک کە بەناوی وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەنەوە بڵاوکراوەتەوە، “لە هێرشەکەدا مووشەکی قودس 2، مووشەکی بالیستی زولفەقار و درۆنی صماد 3 بەکارهاتوون”.
دوای هێرشەکەی سەر ئیمارات، محەمەد ئەلبخێتی، ئەندامی نووسینگەی سیاسیی بزوتنەوەی ئەنساروڵای حوسییەکان ڕایگەیاند، “وەڵامی هێرش بە هێرش دەدرێتەوە و ئیمارات با چاوەڕوانی هێرشبێت بۆسەر قوڵایی وڵاتەکەی”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئیمارات زۆر بێتوانایە لە پاراستی خۆیدا و دەبێت بزانێت کە وەڵامەکان بۆ ئەوان زۆر کوشندە دەبن.
ئیمارات و سعودیە سەرۆکایەتی هاوپەیمانێتییەک دەکەن دژی حوسییەکان لە وڵاتی یەمەن، ئەمەش وایکردووە حوسییەکان چەندین جار بە چەکی ئێرانی هێرشبکەنە سەر سعودیە، بەڵام هێرش بۆسەر ئیمارات پێشهاتێکی نوێیە، بەتایبەت کە سنووری ئیماراتی یەکگرتوو لەگەڵ یەمەن سەدان کیلۆمەتر دوورە.