دوای ئەوەی لە شەپۆلی ئەمدواییەی کۆچی هاوڵاتییانی هەرێم بۆ ئەوروپا، کۆمەڵێک کۆچبەر لە وڵاتی لیتوانیا گیریانخوارد، وەزیری دەرەوەی لیتوانیا لەسەر ئەو پرسە و چەند پرسێکی دیکە گەیشتە هەولێر.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم لەسەر سەردانەکەی گابریلیۆس لاندسبێرگیس، وەزیری دەرەوەی لیتوانیا ڕایگەیاندووە، “لە چێوەی سەردانەکەی بۆ عیراق، ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە وەزیری دەرەوەی لیتوانیا، گابریلیۆس لاندسبێرگیس سەردانی هەولێری کرد و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەلایەن سەفین دزەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت پێشوازی لێدەکرا”.
ئەوەش ئاشکراکراوە، ئەمەو بڕیارە سبەی دووشەممە وەزیری دەرەوەی لیتوانیا بەجیا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت کۆببێتەوە.
هەر ئەمڕۆ فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لەمیانەی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ گابریلیۆس لاندسبێرگیس-ی هاوتا لیتوانییەكەی لە بەغداد ڕایگەیاند، “وتوێژەكانمان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی لیتوانیا ڕوون و ڕاشكاو بوون، ئەمە جاری چوارەمە دیدار دەكەین و چاوەڕوانی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی كۆچبەرانین لە لیتوانیاوە”.