دەرگای بەڕووی ئەوانی دیكەدا واڵایە
سەدر لەنێو چێوەی هەماهەنگیدا تەنها مالكی ڕەتدەكاتەوە

نوری مالكی و موقتەدا سەدر و هادی عامری

لە نوێترین پەیامیدا سەدر دەرگا بەڕووی لایەنەكانی چێوەی هەماهەنگی جگە لە ‏هاوپەیمانییەكەی مالكی دەكاتەوە، ئەمەش لەكاتێكدایە تائێستا هەوڵەكانی چێوەی ‏هەماهەنگی بۆ گەیشتنە ڕێككەوتن لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق ‏نەگەیشتووەتە ئاكام.‏

شەوی ڕابردوو موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر و براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكەی ‏تشرینی یەكەمی 2021 لە بارەگاكەی خۆی لە حەنانەی نەجەف لەگەڵ هادی عامری، ‏سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح و یەكێك لە سەركردەكانی چێوەی هەماهەنگی كۆبووەوە.‏

كۆبوونەوەكان لەكاتێكدان لایەنەكانی چێوەی هەماهەنگی كە نوری مالكی، سەرۆك ‏وەزیرانی پێشووتر سەرۆكایەتی دەكات، بەمدواییە ئاشكرایانكرد جارێكی دیكە هەوڵەكانیان ‏دەستپێدەكەنەوە بۆ كردنەوەی دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ موقتەدا سەدر لەبارەی ئەوەی ‏پەیوەندی بە پێكهێنانی حكومەتی داهاتووەوە هەیە، لەكاتێكدا سەدر سوورە لەسەر ‏پێكهێنانی حكومەتی “زۆرینەی نیشتمانی”.‏

بەڵام بەدر زیادی، پەرلەمانتاری ڕەوتی سەدر لە لێدوانێكدا ڕایگەیاند، دەرگای گفتوگۆ ‏لەگەڵ لایەنەكانی چێوەی هەماهەنگی جگە لە كوتلەكەی نوری مالكی كراوەیە. بەپێی ‏میدیاكان هەر ئەمەش هۆكاری داوای دیداری دووقۆڵیی عامری بووە لەگەڵ سەدر.‏

دەربارەی دیدارەكە، نووسینگەی تایبەتی ڕێبەری ڕەوتی سەدر شەوی ڕابردوو لە ‏ڕاگەیەندراوێكدا تەنها ئاماژەی بە كۆبوونەوەكە كرد بەبێ خستنەڕووی وردەكاریی زیاتر.‏

دوابەدوای دیدارەكەش كە نزیكەی دوو كاتژمێری خایاندووە، هەردوولا بێدەنگن لەبارەی ‏ناوەڕۆكەكەی و هیچ زانیارییەكان لەبارەی گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنەكان ڕوون ‏نەكردووەتەوە.‏

بەڵام پەرلەمانتارێك ئەوەی خستووەتەڕوو كە “ڕێبەری ڕەوتی سەدر دیداری لەگەڵ هەر ‏نوێنەرێكی فراكسیۆنەكەی نوری مالكی ڕەتكردووەتەوە و، خواستی خۆی بۆ گفتوگۆ ‏لەگەڵ هەر هێزێكی دیكەی چێوەی هەماهەنگی خستووەتەڕوو.‏

پەرلەمانتارەكە، كە ناوی ئاشكرانەكراوە، وتیشی، “عامری نوێنەرایەتی هێزەكانی چێوەی ‏كردووە لەمیانەی كۆبوونەوەكەدا”.‏

ڕوونیشكردەوە، “هەردوولا تاوتوێی ئەگەری سازانیان بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ ‏كردووە، بەڵام سەدر سوور بووە لەسەر هەڵوێستەكەی بۆ پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی ‏نیشتمانی، چوونەپاڵی هەر هێزێكی چێوە بۆ ناو حكومەت ڕەتناكاتەوە، جگە لە ‏هاوپەیمانییەكەی مالكی”، كە بەوتەی پەرلەمانتارەكە، “سەدر لەو ڕێیەوە هەوڵ بۆ ‏لێكهەڵوەشاندنەوەی هێزەكانی چێوەی هەماهەنگی دەدات”.‏

جەختیشیكردەوە، “هێزەكانی چێوە پێكەوەن، بەتەنها هاوپەیمانیكردن لە دەرەوەی خێمەی ‏چێوەی هەماهەنگی ڕەتدەكەنەوە”، ئەمە جگە لەوەی “هێزەكانی چێوە پێكەوە ئەنجامی ‏دیدارەكە هەڵدەسەنگێنن و، هەڵوێستێكی هاوبەشیان دەبێت”.‏

لەم سەروبەندەدا هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتیی نوری مالكی سوورە لەسەر ‏ئەوەی چێوە گەورەترین كوتلەیە و مافی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەیە، بڕیاری ‏یەكلاكەرەوەش بۆ دادگا دەگەڕێتەوە.‏

ڕەسوڵ ڕازی، ئەندامی هاوپەیمانییەكە لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “چێوەی ‏هەماهەنگی تائێستا گەورەترین كوتلەی پەرلەمانە، ئەگەر دادگای فیدراڵیش لە ‏بەرژەوەندیی كوتلەی سەدر بڕیاریدا، دۆخێك لە دانیشتنی دووەمدا سازدەكرێت”.‏

دووپاتیشیكردەوە، “دادگای فیدڕاڵی لەسەر بەڵگە و ژمارەی ئەو ئەندامانەی پێشكەشی ‏دەكەن ڕاوەستاوە، ئەگەر چێوە بتوانێت یەك لەسەر سێ پێكبهێنێت، كە 110 كورسییە، ‏ئەوكات بەرەو پێكهێنان و هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و ئەودوای كارەكان كە لە ئەستۆی ‏كوتلەی گەورەدایە، دەڕۆین”. ‏

سەرەتای هەڵوەشاندنەوەی چێوە
لە نێو ئەم مشتومڕە سیاسییەدا، چاودێران پێیانوایە كۆبوونەوەكەی عامری لەگەڵ سەدر، ‏‏”سەرەتای هەڵوەشاندنەوەی چێوە و هاوپەیمانیكردنە لەگەڵ سەدر بەبێ كوتلەكەی مالكی”.‏

غانم عابد، توێژەر لە كاروباری سیاسیی عێراق لە تویتێكدا ڕایگەیاند، “عامری لە ماوەی ‏چەند كاتژمێری داهاتوودا سەردانی هەولێر دەكات بۆ وتووێژ لەگەڵ مەسعود بارزانی ‏سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەربارەی هاوپەیمانیی پێكهێنانی حكومەتی نوێ، ‏بەهۆی ئەوەی دۆخی سیاسی ناو چێوەی هەماهەنگی بە ئاراستەی ڕۆیشتنە لەگەڵ كوتلەی ‏سەدر بەبێ مالكی، لەگەڵ زەمانەت پێدان بە ڕێگرینەكردن لێی”.‏

هەموو ئەمانە لەكاتێكدایە پێنجشەممەی ڕابردوو دادگا بڕیاری هەڵپەساردنی كاتیی دەستەی ‏سەرۆكایەتی نوێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی دا پاش ئەو سكاڵایەی لەلایەن دوو ‏پەرلەمانتارەوە دەربارەی نادەستووریبوونی دانیشتنی یەكەمی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی ‏نوێنەران پێشكەشیان كرد.‏

دوای بڕیارەكەی دادگاش، سەدر داوای لە چێوەی هەماهەنگی كرد “ببێتە ئۆپۆزسیۆنێكی ‏نیشتمانی” دووپاتیشیكردەوە، “ئێمە پابەنددەبین بە ئەخلاقیاتی حكومەتی زۆرینەی ‏نیشتمانی”.‏

بابەتی پێشتر

پێشبینییەكانی كەشناسی.. بەفرە پێشبینیكراوەكەی سلێمانی دەكەوێتە سبەینێ

بابەتی دواتر

پشتگوێی مەخە.. پێنج نیشانە هۆشدارین بۆ تووشبوونت بە شێرپەنجە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

لیژنەكەی نوێنەران توركیای بە داگیركاری تۆمەتباركردووە، داوا دەكات لە ئەنجومەنی ئاسایش سكاڵا تۆماربكرێت

ئەو لیژنەیەی پەرلەمانی عێراق سەردانی ناوچە سنورییەكانی كرد، لە ڕاپۆرتەكەیدا هێرشەكانی توركیای بە داگیركارانە ناوبردووە، داوای كردووە حكومەت…
Total
0
Share