پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەریی ئێران پێداچوونەوە بە یاسای باڵاپۆشیدا دەكەن

پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەری لە ئێران پێداچوونەوە بەو یاسایەدا دەكەن كە باڵاپۆشی و سەرپۆش بەسەر ژناندا دەسەپێنێت، ئەوەی لە چەند مانگی رابردوودا شەپۆلێكی خۆپیشاندانی سەرتاسەری بەدوای خۆیدا هێنا.

دوای ئەوەی ژینا ئەمینی (22 ساڵ) لە 16ی ئەیلولی رابردوو لەلایەن پۆلیسی رەوشتی ئێرانییەوە دەستبەسەركرا و سێ رۆژ دوای بێهۆشبوونی گیانیلەدەستدا، زنجیرەیەك خۆپیشاندان شارە جیاجیاكانی ئێرانی گرتەوە و تائێستا بەردەوامییان هەیە.

خۆپیشاندانەكان بە سووتاندنی لەچك، بڕینی قژ و وتنەوەی دروشم دژ بە دەسەڵاتداران دەستیانپێكرد و بە هێرشكردنەسەر دامودەزگاكان و پیاوانی ئاینیی درێژەیان هەیە.

باڵاپۆشی لە نیسانی ساڵی 1983ەوە لە ئێران فەرزكراوە كە دەكاتە چوار ساڵ پاش شۆڕشی ئیسلامی لەو وڵاتە كە بووە هۆی دوورخستنەوەی رژێمی شا.

لە شاری قوم، محەمەد جەعفەر مونتەزری، داواكاری گشتیی ئێران رایگەیاند، پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەری كار لەسەر ئەو پرسە دەكەن، وەك ئاماژەیەك بۆ ئەوەی ئایا یاساكە پێویستی بە هەمواركردنەوەیە یان نا.

مونتەزری دیارینەكرد كە چ بەند و ماددەیەكی یاساكە ئەگەری هەیە هەمواربكرێت، وەك ئەوەی ئاژانسی هەواڵی ئیسنا-ی ئێرانی لە زاریەوە گواستیەوە.

رۆژی چوارشەممە دەستەی راسپێردراو بە پێداچوونەوەكە چاوی بە لیژنەی رۆشنبیریی پەرلەمان كەوت، داواكاری گشتی وتی، ئەنجامەكەی لەماوەی هەفتەیەك یان دوو هەفتەدا بڵاودەكرێتەوە.

رۆژی شەممەش ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆكی ئێران لە وتەیەكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، بنەماكانی كۆماری و ئیسلامیی ئێران لە دەستووردا جێگیركراوە.

لەهەمان كاتدا ئاماژەی بەوەكرد كە “هۆكارەكانی جێبەجێكردنی دەستوور دەكرێت گونجاو بێت”.

هەنگاوەكان بەو ئاراستەیە لەكاتێكدایە ئەمڕۆ داواکاری گشتیی ئێران داخستنی دامەزراوەی پۆلیسی ئەخلاق (گشت ارشاد)ی پشتڕاستکردەوە و میدیاكانی ئەو وڵاتە لە زاریەوە رایانگەیاند، “دامەزراوەی پۆلیسی رەوشت پەیوەندی بە دەسەڵاتی دادوەرییەوە نییە و لە هەمان شوێنەوە داخراوە کە لە رابردوودا دامەزراوە”.

جەختیشیکردەوە، دەسەڵاتی دادوەری بەردەوام دەبێت لە چاودێریکردنی کردەوە و رەفتارەکان لەسەر ئاستی کۆمەڵگا، ئێستا لەبەردەم هەندێک پرسی نوێداین کە پێویستمان بە یاسای نوێ هەیە.

پۆلیسی رەوشت لە ئێران کاریان چاودێریکردنی رەفتاری هاوڵاتییانی ئەو وڵاتە بووە لە شوێنە گشتییەکاندا و بەتایبەتیش چاودێرکردنی سەرپۆش و باڵاپۆشی لەلایەن ژنانی ئێرانەوە، سەرەڕای چاودێریکردن ئەو دامەزراوەیە لێپێچینەوەشیان لە سەرپێچیکاران کردووە.

بابەتی پێشتر

عێراق: 18 هەزار پارچە شوێنەواری دزراومان گەڕاندووەتەوە

بابەتی دواتر

هاندەرانی بارسا عاشقی هاوڕێیەکی مێسی بوون

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share