ئاژانسی ناسای ئەمریکی بڵاویکردەوە، لەسەر هەسارەی سوپەر نیپتۆن، کە هەڵگری ناوی زانستیی “TOI-674 b”یە، هەڵمی ئاو دۆزراوەتەوە.
هەسارەی سوپەر نیپتۆن لەساڵی 2009دا دۆزراوەتەوە و قەبارەکەی لە هەسارەی نیپتۆن-ی كۆمەڵەی خۆر گەورەترە، بەدەوری ئەستێرەیەکی بچووکی سووردا دەسوڕێتەوە و نزیكەی 150 ساڵی ڕووناکی لە زەوییەوە دوورە، لەکاتێکدا یەک ساڵی ڕووناکی بەرامبەرە بە 10 تریلیۆن کیلۆمەتر.
ناسا ئاماژەی بەوەکردووە، “دۆزینەوەی هەڵمی ئاو لەو هەسارەیە ژمارەیەک پرسیاری دیکە دروستدەکات، کە دەبێت بەدوای وەڵامەکەیدا بگەڕێین”.
ناسا دەڵێت، قەبارەی هەسارەکە و هەڵکەوتەی لە گەردووندا بەپێی شوێنی کەشتییە ئاسمانییەکان دەتوانێت یارمەتیدەربێت لە دیاریکردنی ڕێژەی ئەو هەڵمی ئاوەی لە کەشوهەوای هەسارەکەدا هەیە.
قەبارەی هەسارەکە 4.7 هێندەی زەوی گەورەترە، لە ماوەی دوو ڕۆژدا جارێک بەتەواوی بەدەوری ئەستێرەکەیدا دەسوڕێتەوە، کە بەنزیکەیی قەبارەی ئەستێرەكە سێ لەسەر چواری قەبارەی خۆرە و پلەی گەرمییەکەی 1100 پلەی فەهرەنایتە.