ڕۆژی دووشەممە لە سویسرا، یەكێتیی تۆپی پێی جیهان خەڵاتی باشترین یاریزان دەداتە یەكێك لە ڕكابەرەكان، كە بریتین لە لیۆنێل مێسی-ی ئەرجەنتینی، محەمەد سەڵاح-ی میسڕی و ڕۆبێرت لیڤاندۆڤیسكی-ی پۆڵەندی.
ئەم خەڵاتە ماوەی پێنج ساڵە دەبەخشرێت، پێشتر خەڵاتەكە بەهاوبەشی لەگەڵ گۆڤاری فرانس فوتبۆڵی فەرەنسی دەبەخشرا، بەڵام دواتر جیابوونەوە.
خەڵاتەكە لە پێنج ساڵی ڕابردوودا چوار یاریزان بەدەستیان هێناوە، دوو جار ڕۆناڵدۆ، سێ جارەكەی دیكەش مێسی و مۆدریچ و لیڤاندۆڤیسكی بوون.
لیۆ پاڵێوراوی سەرەكییە بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی زە بێستی فیفا، ئەوەش دوای ئەوەی خەڵاتی تۆپی ئاڵتونی گۆڤاری فرانس فوتبۆڵی بەدەستهێنا.
پێشتر ساڵی 2019 مێسی خەڵاتەكەی بەدەستهێناوە و ڕكابەرییەكەی لە ڤان دایك و ڕۆناڵدۆ بردەوە.
مێسی ساڵی ڕابردوو ناسناوی جامی شای ئیسپانیای لەگەڵ بەرشلۆنە بەدەستهێناوە و دواتر لەگەڵ ئەرجەنتین بووەتە پاڵەوانی كۆپا ئەمریكا، هەر خۆشی گۆڵكار و گۆڵدروستكەر و باشترین یاریزانی پاڵەوانێتییەكە بوو.
هەروەها مێسی بۆ جاری هەشتەم بووە گۆڵكاری خولی ئیسپانیا، كە ئەوە پێنجەم جار بوو لەسەر یەك ئەو ناسناوە بەدەست بهێنێت.
لە بەرامبەردا لیڤاندۆڤیسكی-ی پۆڵەندی كە پێشتر ساڵی 2020 خەڵاتەكەی بەدەستهێناوە، بەهۆی زۆری گۆڵەكانییەوە، هەمیشە ڕكابەرێكی سەخت بووە.
لیڤاندۆڤیسكی ژمارە پێوانەییەكەی گێرد مۆلەری گۆڵكاری مێژوویی بایرن میونشنی شكاند، ئەوەش دوای ئەوەی لەماوەی ساڵێكدا لەو زیاتر گۆڵیكرد.
لیڤا لە 29 یاریدا 41 گۆڵی تۆماركرد، هەروەها ناسناوی خولی ئەڵمانیا و خەڵاتی پێڵاوی ئاڵتونیشی بەدەستهێنا.
لەگەڵ هەڵبژاردەی پۆڵەنداش ژمارەكانی خراپ نەبوون، لە 12 یاریدا 11 گۆڵی كردووە، بەڵام هیچ ناسناوێكی بەدەستنەهێناوە.
ڕكابەری سێیەم محەمەد سەڵاح-ی میسڕی و یاریزانی یانەی لیڤەرپوڵی ئینگلیزییە، ساڵی 2021 هیچ ناسناوێكی بەدەستنەهێناوە.
لیڤەرپوڵ وەرزی ڕابردوو سێیەمی پریمەرلیگ بووە، سەڵاح-یش دووەم گۆڵكاری پریمەرلیگ بووە، لە پاڵاوتنەكانی مۆندیالیش لەگەڵ میسر نەیتوانیوە گۆڵ بكات، بەڵام بەگشتی ئاستی یاریزانەكە بەرز بووە و ئەم وەرزەش 16 گۆڵی تۆماركردووە.
لە ڕووی توانای هونەری و تێپەڕینی یاریزان و یەكلاییكردنەوەی ئەنجامی تیپەكەی، گرنگترین یاریزانی لیڤەرپوڵە.