شەوی ڕابردوو دوو یانەی دیكەی شەوانە لە هەولێر داخران، قائیمقامیەتی شارەكە دەڵێت، هەڵمەتەكە بەردەوام دەبێت.
قائیمقامیەتی قەزای ناوەندیی هەولێر بڵاویكردەوە، لە چێوەی بڕیارەکانی پارێزگای هەولێر بۆ ڕێگەگرتن لە دیاردەى ناشرین و دوور لە ئادابى گشتى و ڕوونەدانى ڕووداوى نەخوازراو و پاراستنى دابونەریت و بەهۆی سەرپێچی و پابەندنەبوون بە بڕیار و ڕێنماییەکان، شەوی ڕابردوو لەلایەن پۆلیسی شارەوانیی قائیمقامیەتی ناوەندی هەولێر، دوو یانەی دیكەی شەوانە داخران و ڕێکاری یاسایی لە بەرامبەر خاوەنەکانیان گیرایەبەر.
دەشڵێت، ئەم هەڵمەتە لەلایەن پۆلیسی شارەوانی و هێزە ئەمنییەکان بەردەوامە و هەر شوێنێک کاری نەشیاو و دزێوی تێدابکرێت و دووربێت لە ئادابی گشتی و ببێتە هۆی بێزاری هاوڵاتییان و لادان لە یاسا و جێبەجێنەکردنی بڕیارەکانی پارێزگا، خاوەنەکەی ڕووبەڕووی سزای توندی یاسایی دەکرێتەوە و شوێنەکەش دادەخرێت.
شەوی سێشەممەی ڕابردوو و ڕۆژێك دواتریش دوو یانەی شەوانە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی هەولێرەوە داخران، پۆلیسی هەولێر بڵاویكردەوە، لە یەكەمیاندا 180 كەس دەستگیركراون كە 77یان ژن بوون.