بەپێی نوێترین ئامارەكانی نووسینگەی فیدڕاڵیی كۆچ و كۆچبەران، ئەڵمانیا لە ساڵی ڕابردوودا گەورەترین ژمارەی داوای مافی پەنابەرێتی پێگەیشتووە كە لە ساڵی 2017ەوە نەگەیشتووە بەو ژمارەیە.
ئامارەكە ڕوونیدەكاتەوە، ساڵی ڕابردوو ئەڵمانیا 190 هەزار و 800 داوای مانەوەی پێگەیشتووە، لەو ژمارەیە نزیكەی 148 هەزاری داواكارییەكان لەلایەن كەسانی بیانییەوە بوون بۆ بەدەستهێنانی مافی پەنابەری لە ئەڵمانیا بۆ جاری یەكەم، ئەمەش بەرزترین ژمارەیە لە ساڵی 2017ەوە، هەروەك نزیكەی 17.5%ی داواكارییە پێشكەشكراوەكان بۆ جاری یەكەم هی ئەو منداڵانە بوون كە تەمەنیان لە یەك ساڵ كەمترە و لە ئەڵمانیا لەدایكبوون.
بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی ناوخۆ، زۆرترین كۆمەڵە لە خوازیارانی مافی پەنابەرێتی لەو وڵاتە (زیاتر لە 70 هەزار كەس) لە سوریاوە بوون، دۆخەكە لەوەتەی جەنگ بەرۆكی ئەو وڵاتەی گرتووە بەردەوامە. ژمارەی ئەفغانییەكانیش كە داوای مافی پەنابەرێتییان كردووە پاش كۆنتڕۆڵكردنی وڵاتەكە لەلایەن بزوتنەوەی تاڵیبانەوە لە ئابی ڕابردوودا، ڕووی لە زیادبوون كردووە، بەجۆرێك تەنها لە ساڵی 2021دا زیاتر لە 31 هەزار كەس داوایان پێشكەش بە ئەڵمانیا كردووە.
ئەڵمانیا لە ساڵی 2020دا نزیكەی 122 هەزار داوای مافی پەنابەرێتی پێگەیشتووە، بەڵام وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت، بەراوردكردنی ژمارەكەی ساڵی ڕابردوو بە ئامارەكانی 2020 بێئەنجامە بەهۆی ئەو كۆتوبەندەی لەسەر ئاستی جیهان بەهۆی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا لەئارادابووە.
لە ساڵی 2017شدا وڵاتەكە زیاتر لە 222 هەزار و 600 داوای پێگەیشتووە.