ترس لە درێژەكێشانی هەیە.. ڕوسیا هەناردەی گازی بۆ ئەوروپا ڕاگرت

کارکردن بۆ نۆژەنکردنەوەی گەورەترین هێڵی هەناردەی گازی ڕوسیا بۆ ئەڵمانیا دەستیپێکردەوە، کە ساڵانە کاری نۆژەنکردنەوەی تێدا دەکرێت، بەوهۆیەوە ماوەی 10 ڕۆژ هەناردەی گاز بۆ ئەڵمانیا ڕادەوەستێت.

ترسی حکومەتی ئەڵمانیا و کۆمپانیاکان لەوەیە کە ڕاگرتنی هەناردەی گاز زیاتر لەو ماوەیە درێژە بکێشێت بەهۆی شەڕی ڕوسیا و ئۆکرانیاوە.

بەیانیی ئەمڕۆ ڕوسیا هەناردەی گازی لە هێڵی “نۆرد ستریم 1″ـەوە ڕاگرت، بەمەبەستی کاری نۆژەنکردەنەوەی لە 11 تاوەکو 21ی ئەم مانگە.

هێڵی گازی “نۆرد ستریم 1” ساڵانە 55 ملیار مەتر سێجا گاز لە ڕوسیاوە بۆ ئەڵمانیا دەگوازێتەوە.

لە مانگی ڕابردوودا ڕوسیا هەناردەی گازی لەڕێگەی ئەو هێڵەوە بە ڕێژەی 40% کەمکردەوە، هۆکارەکەی بۆ دواکەوتنی کۆمپانیای نۆژەنکەرەوەی هێڵەکە لە کارەکانیدا گەڕاندەوە.

ئەوروپا ترسی لەوە هەیە ڕوسیا نۆژەنکردنەوەی هێڵەکانی هەناردەی گاز درێژبکاتەوە و ئەوەش کاریگەریی لەسەر ئاستی یەدەگکردنی گاز بۆ وەرزی زستان دەبێت.

وەزیری دارایی و ئابوریی ئەڵمانیاش دەڵێت، “پێویستە لەسەرمان ئامادەکاری بۆ گریمانەی درێژکردنەوەی کارەکانی نۆژەنکردنەوەی هێڵی هەناردەی گاز لەلایەن ڕوسیاوە بکەین”.

بابەتی پێشتر

تەقە لە ماڵی حاجی مەسیفی كرا

بابەتی دواتر

مرۆڤایەتی نزیكە لەوەی بگاتە 8 ملیار

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share