ئەمڕۆ بە دەنگدان شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا یەکلادەکرێنەوە

ئەمڕۆ 31ی ئازار، پڕۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە باکووری کوردستان و تورکیا دەستیپێکرد.

لە هەڵبژاردنەکانی ئەمڕۆدا، 61 ملیۆن و 441 هەزار دەنگدەر مافی دەنگدانی هەیە و بەسەر 81 شاری تورکیا و باکووری کوردستاندا دابەشبوون، جگە لە گەورە شارەوانییەکان، شارەوانی شارەکان و قەزا و ناحییەکانیش هەڵدەبژێردرێت.

هاوڵاتییانی باکووری کوردستان و تورکیا دەچنە سەر 208 هەزار سندووقی دەنگدان و دەنگ بە یەکێک لەو کاندیدانە دەدەن کە لەلایەن 34 پارتی بەشدار لە هەڵبژاردنەکان پێشنیار کراون بۆ هاوڵاتییان.

ئەوەی زۆر چاوی لەسەرە و جێگەی سەرنجە، شارەوانی ئیستانبوڵە، لە تورکیا لەناو سیاسەتمەداراندا قسەیەک هەیە دەڵێت، “ئەوەی ئیستانبوڵ بباتەوە، تورکیای بردووەتەوە”، لەو شارە رکابەرییەکان زۆر توندە، بە جۆرێک سەرۆکی پێشووی شارەوانییەکە کە ئەکرەم ئیمام ئۆغلۆیە لە پارتی جەهەپە، رکابەری موراد کوروم لە پارتی داد و گەشەپێدان دەکات، چەند رکابەرێکی دیکەش هەن کە دووان لەوان کاندیدی پارتی دەم-ن (ئەو پارتەی نوێنەرایەتی کورد دەکات) و ناویان مێراڵ دانیش بێشتاش و موراد چەپنی.

لە پرسی گەورە شارەوانییەکانی وەک ئیستانبوڵ و ئەنقەرە دەنگی کورد گرنگییەکی زۆری هەیە، لە هەڵبژاردنی ساڵی 2019، کورد پشتیوانی پارتی جەهەپەی کرد و کاندیدەکان سەرکەوتنیان بەدەستهێنا بەرامبەر بە کاندیدەکانی پارتی داد و گەشەپێدان، بەڵام ئەم جارە کورد کاندیدی خۆی هەیە و بەشداری کارای دەبێت لە شارە گەورەکاندا، بەهۆی بوونی ژمارەیەکی زۆری کورد تێیاندا بە نمونە لە شاری ئیستانبووڵ باس لەوە دەکرێت نزیکەی 20%ی دەنگدەرانی شارەکە کورد بن.

کاتی دەستپێکی دەنگدان، شارەکانی تورکیای بەسەر دوو بەرەدا دابەشکرد، بەشێک لە بنکەکانی دەنگدان لە کاتژمێر 8:00ی بەیانی بەڕووی دەنگدەراندا کرانەوە، لە کاتێکدا بەشێکی دیکەیان لە کاتژمێر 7:00ی بەیانی کرانەوە.

زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی پێیانوایە، هەڵبژاردنەکانی ئەمجارە دەکرێت گۆڕانکاری لە باڵانسی هێز لە ناوخۆی تورکیا دروستبکات، بەهۆی ئاستەنگە ئابورییەکان لەلایەك و بەرزبوونەوەی ئاستی هەڵئاوسان لە وڵاتەکەدا لەلایەکی دیکە و، ئەدای حکومەت لە رووبەڕووبوونەوەی پرسە گشتگیرەکانی پەیوەست بە وڵات کە وڵاتەکە چەندین ئۆپەڕاسیۆنی بۆ ناو خاکی وڵاتانی سوریا و عێراق دەستپێکردووە و بەشێک لە هاوڵاتییانی تورکیا دژی بەهەدەردانی سامانی وڵاتەکەیانن لەو جەنگانە و پێیانوایە خزمەت بە وڵاتەکەیان ناکات.

بابەتی پێشتر

خالید شوانی: لایەنەکانی کەرکوک لە رێککەوتن نزیکبوونەتەوە

بابەتی دواتر

کەشناسی: پلەی گەرمی بەرزدەبێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

قوباد تاڵەبانی: كۆماندۆی كوردستان بوونەتە جێگەی متمانەی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان

جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم رایدەگەیەنێت، كۆماندۆی كوردستان بوونەتە جێگەی متمانەی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان. راگەیاندنی فەرماندەیی كۆماندۆی كوردستان بڵاویكردووەتەوە،…
Total
0
Share