پۆلیسی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، لەو هەڵمەتەدا كە شەوی ڕابردوو بۆسەر كۆمەڵگەیەكی گەشتیاری بەهۆی كاری بەدەر لە ئادابی گشتی ئەنجامیانداوە 180 كەس دەستگیركراون و دەستیش بەسەر کەلوپەلی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر و کەرەستەی قەدەغەکراودا گیراوە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت، لە چێوەی بڕیارەکانی وەزارەتی ناوخۆ و پارێزگای هەولێر بۆ ڕێکخستنی یانەکانی شەوانە، دوای کۆکردنەوەی زانیاریی تەواو بە بوونی شوێنێک لەناو شاری هەولێر کەوا چەندین کاری نایاسایی و دوور لە ڕێنماییەکان و بەدەر لە ئادابی گشتی و پێچەوانەی یاسا و ڕێساکانی تێدا ئەنجام دەدرێت، هەڵمەتێكیان ئەنجامداوە.
دەشڵێت، هێزەکانی پۆلیسی هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، دوێنێ درەنگانی شەو تاکو بەرەبەیان لەو شوێنە (102) پیاو و (77) ئافرەت و خاوەنی شوێنەکەیان دەستگیركردووە.
بەپێی ڕاگەیەنراوەكە هەر لەو هەڵمەتەدا دەست بەسەر بڕێکی زۆر کەلوپەلی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر و کەرەستەی قەدەغەکراو و جۆرەها حەبدا گیراوە.
ڕوونیشیكردووەتەوە، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتباران کرایەوە و لەئێستادا بەپێی بڕیاری دادوەر ڕاگیراون. بەڵێنی بەردەوامی هەڵمەتی لەو جۆرەش دەدات.
لەكاتێكی پێشتری ئەمڕۆ سەرچاوەیەکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەولێر بۆ تۆڕی میدیایی ئێستای ئاشكراكرد، “ڕووداوەکە لە یەکێک لە یانە شەوانەکانی هەولێر ڕوویداوە، کە ماوەی هەشت ساڵە هەیە و پێشتر جارێکی دیکە لەسەر هەمان کار سزادراوە”.
بەپێی سەرچاوەکەی پۆلیس، ”ئەوانەی دەستگیرکراون تۆمەتبارن بە لەشفرۆشی”.
دەستگیرکراوەکان خەڵکی هەرێمی كوردستان، عێراق، سوریا و ئێران، زۆرینەشیان گەشتیار بوون، بەشیك لە پیاوەكان ژنەکانیان لەگەڵ خۆیاندا هێناوە.