پەروەردەی كەركوك لەسەر لێدان و ئەزیەتدانی خوێندكارێك لیژنەی لێكۆڵینەوە پێكدەهێنێت

خوێندكار (دڵخۆش کامەران ئیبراهیم)

بەهۆی لێدان و ئەزیەتدانی دەستی خوێندكارێكی قۆناغی سەرەتایی لەلایەن مامۆستایەكی خوێندنگاكەیەوە، بەشی خوێندنی كوردیی پەروەردەی كەركوك بڕیار لەسەر پێكهێنانی لیژنەی لێكۆڵینەوە دەدات.

شێرزاد ڕەشید کاکە، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە پەروەردەی كەركوك ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دایک و بابی خوێندكار (دڵخۆش کامەران ئیبراهیم) لە پۆلی شەشەمی سەرەتایی لە (قوتابخانەی ڕاپەرین)ی سەرەتایی سەردانیان کردین و، سکاڵایان لەسەر مامۆستایەک لە قوتابخانەکە تۆمارکرد بەوەی بەدار لەناو دەستی ئەو خوێندكارەی داوە و ئەمەش بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی دەستی درزی بردووە.

وتیشی، “سكاڵاكەمان وەرگرت و ئاراستەی یەکەی سەرپەرشتیاری بنەڕەتی کرد و، بڕیارماندا بە پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە تاوەکو سەردانی قوتابخانەکە بکات و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەكە بکات”.

شێرزاد ڕەشید ئەوەشی خستەڕوو، ڕاسپاردەكانی لیژنەی لێکۆڵینەوە ئاراستەی بەڕێوبەرایەتی خوێندنی کوردی دەكرێت و بەپێی ناوەرۆكەكەی ڕێوشوێنی یاسایی پێویست لەبەرامبەر مامۆستاکە بەپێی یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکان دەگرنەبەر.

بەرپرسەكەی پەروەردە داواش لە مامۆستایان دەكات خۆیان بەدووربگرن لە لێدانی خوێندكار و دووپاتیشیدەكاتەوە كە لێدان بەپێی ڕێنماییەکانی وەزارەتی پەروەردە قەدەغە کراوە.

بابەتی پێشتر

پۆلیسی هەولێر: 102 پیاو و 77 ژن لە كۆمەڵگە گەشتیارییەكە دەستگیركراون

بابەتی دواتر

یانەیەکی دیكەی شەوانە لە هەولێر داخرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share