بۆچی ئاسمان لە زستاندا شینتر دەردەكەوێت؟

دەركەوتنی ئاسمان بە ڕەنگی شینێكی ڕوون، یەكێكە لەو دیاردانەی زۆرینەمان بەتایبەت ‏لە وەرزی زستان و دوای بارانبارین بینیومانە، شارەزایەكی كەشناسی هۆكارەكەی بۆ ‏پەرشبوونەوەی ڕەنگەكان دەگەڕێنێتەوە و وردەكارییەكەی ڕووندەكاتەوە.‏

ئەژی چەتۆ، بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كەشناسی و بومەلەرزەزانی ‏هەرێم دەڵێت، “زۆربەمان ڕەنگە بزانین كاتێك تیشكی خۆر دەگاتە نێو بەرگەهەوای ‏زەوی، لە ڕێگەی گازەكانی (ئۆكسجین و نایترۆجین)ــەوە پەرشدەبێتەوە و ئەوەش بە ‏دیاردەی (پەرشبوونەوەی ڕایلی) ناسراوە.‏

دەشڵێت، “لە ڕووی زانستییەوە هەرچەندە درێژەشەپۆلی ڕووناكی كورت بێت، ئەوا ‏پەرشبوونەوەی لەنێو بەرگەهەوادا زیاتر دەبێت و ئەو ڕەنگە كە ئێمە لە ئاسماندا دەیبینین، ‏پشتدەبەستێت بەو ئاراستەیەی تیایدا ڕووناكییەكە دەگاتە چاومان، بەو واتایەی هەرچەندە ‏پەرشبوونەوەكە زیاتربێت، ئەوا ئاستی گەیشتنی بۆ چاوی ئێمە لە هەموو لایەكاندا زیاتر ‏دەبێت”. ‏

كەشناسەكە ڕوونیشیكردووەتەوە، “بەشێوەیەكی گشتی، ئاسمان پاك و بێگەرد بە ڕەنگی ‏شین دەردەكەوێت، چونكە تەنۆچكەكانی نێو هەوا ڕەنگی شین پەرشدەكەنەوە، كە خاوەنی ‏یەكێكە لە كورترین درێژەشەپۆلەكانی شەبەنگی نێو ڕووناكیی خۆر، لە بەرامبەردا ڕەنگی ‏سوور خاوەنی درێژترین شەپۆلە، بەڵام لەكاتی ئاوابوونی خۆردا ڕەنگی سوور و ‏پرتەقاڵی دەبینین، چونكە ڕەنگی شین لەو كاتانەدا دووردەكەوێتەوە لە هێڵ و ڕێڕەوی ‏بینینی چاوەكانمان”.‏

‏”درێژیی شەپۆلی ڕەنگی وەنەوشەیی كورتترە لە ڕەنگی شین، بۆیە دەبوایە ئاسمان بە ‏ڕەنگی وەنەوشەیی ببینین، بەڵام ئێمە ئاسمان بەڕەنگی شین دەبینین، چونكە چاوی مرۆڤ ‏زۆر هەستیارترە بۆ ڕەنگی شین”، وەك ئەوەی ئەژی چەتۆ ڕوونیكردووەتەوە. ‏

ئاماژە بەوەشدەكات، “ئێستا وەرزی زستانە، ڕێڕەوی خۆر و ئاستەكەی لە ئاسماندا نزمە، ‏ئەمەش بەهۆی لاریی تەوەری خولانەوەی زەوی لەم كاتانەی ساڵدا، جا لەسەر ئەو ‏بنەمایە، كاریگەریی دیاردەی (پەرشبوونەوەی ڕایلی) هەڵدەستێت بە پێدانی ئاستێكی ‏زیاتری ڕووناكیی ڕەنگ شین بۆ چاوەكانمان و لە هەمان كاتدا تیشكی ناڕاستەوخۆی خۆر ‏نزمیی ڕێژە و ئاستەكانی ڕەنگی سوور و سەوز وادەكەن ئاسمان هێشتا شینتر ‏بەدیاربكەوێت”.‏

بەپێی ڕوونكردنەوەكەی كەشناسەكە، “جگە لەوەش، لە وەرزی زستاندا ڕادەی شێ (لە ‏هەڵمی ئاو و دڵۆپەكانی) بەهۆی نزمیی پلەی گەرمییەوە كەمترە، چونكە خودی هەڵمی ئاو ‏و دڵۆپەكان بە شێوازێكی جیاواز لە تەنۆچكەكانی ئۆكسجین و نایترۆجین ڕووناكی ‏پەرشدەكەنەوە، ئەمەش بە (پەرشبوونەوەی می) ناسراوە، كە وادەكات ڕووناكی و ڕەنگی ‏شین بۆ پێشەوە و بەشێوەیەكی یەكسان بۆ هەموو لایەكان پەرش ببێتەوە، بۆیە ‏‏(پەرشبوونەوەی می) وادەكات ڕەنگی شین زیاتر بۆ بۆشایی ئاسمان، نەوەك بۆ چاوی ‏بینەر پەرش ببێتەوە، كەواتە لەكاتی بوونی هەڵمی ئاو و دڵۆپەكانی لە ئاسماندا، شینیی ‏ڕەنگەكەی كەمتر دەبێتەوە، یان بە واتایەكی دیكە، هەرچەندە ئاستی شێ لە هەوادا كەم ‏بێت، ئەوا كاریگەریی (پەرشبوونەوەی می) كەمتر دەبێت، لەكاتێكدا ئەگەر كاریگەریی ‏‏(پەرشبوونەوەی ڕایلی) زیاتر بێت، ئەوا ئاسمان بە شینێكی قوڵتر دەردەكەوێت، لە تەك ‏كاریگەرییەكی دیكە، ئەویش نزمیی ئاستی دیسكی ڕووناكیی خۆرە لە ئاسمانی وەرزی ‏زستاندا”.‏

بەرپرسەكەی كەشناسیی هەرێم ئەوەش دەخاتەڕوو، ئەو هۆكارانە وادەكات كەوا ‏دانیشتووانی ناوچە یەكسانەكان، بەتایبەتیش نێوان 30 تا 60 پلە بەرەو باكوور و ‏باشووری زەوی لە وەرزی زستاندا ئاسمانێكی شینی زۆر جوان و پاك و بێگەرد لە ڕۆژە ‏ساماڵەكانی وەرزی زستاندا ببینن.‏

بابەتی پێشتر

خولی پێنجەمی نوێنەران دەستبەكاردەبێت

بابەتی دواتر

بەرپرسێك: كورد و سوننە دڵنیاییانداوە هاوپەیمانی لەگەڵ هیچ بەرەیەكی شیعەكاندا ناكەن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share