چەندین سەرچاوەی ئاو لە هەرێمی كوردستان وشكیانكردووە

كەمبوونەوەی ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی لە باشووری كوردستان، گەیشتووەتە ڕادەی وشككردنی چەندین سەرچاوەی ئاو و جیاواز لە ساڵانی پێشوو كە زیاتر بەرۆكی گەرمیانی گرتبوو، ئێستا ناوچەكانی كوێستانیش بەدەست كاریگەرییەكانی وشكەساڵی و كەمبوونەوەی ئاوەوە دەناڵێنن.

شیروان جەمال بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری سلێمانی، مەترسیداریی كەمبوونەوەی ئاوی سەرزەوی و ژێرزەویی بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا ئاشكراكرد و وتی، چەندین سەرچاوەی ئاو لە هەورامان، شارەزوور و قەرەداغ وشكیانكردووە یان ئاوەكانیان بە ڕێژەی زۆر كەمبوونەتەوە.

ڕوونیكردەوە، ئاوی بێستانسوور لە شارەزوور و سوێراوا لە قەرەداغ بە ڕێژەی 60 – 70% كەمیانكردووە، سەرچاوەی ئاوی تافان لە قەرەداغ و زەڵم لە هەورامان وشكیانكردووە.

بەپێی وتەی ئەو كاربەدەستە پەیوەندیدارەی دۆسیەكە، بارودۆخی دانیشتووانی ناوچەی قەرەداغ بەهۆی كەمئاوییەوە “زۆر خراپە” و لەبارەی ناوچەی شارەزوورەوە وتی، “ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوییش كەمبوونەتەوە، پێشتر لە سەرچاوەی بێستانسوورەوە ڕۆژانە 60 هەزار مەتر سێجا ئاو دەدرا بە هاوڵاتییان، بەڵام ئێستا بۆ 40 هەزار مەتر سێجا كەمبووەتەوە” و پێشبینیكرد لە مانگەكانی داهاتوودا، بڕەكە بۆ 20 هەزار مەتر سێجا ئاو لە ڕۆژێكدا كەمترببێتەوە.

شیروان جەمال وتی، سەرچاوەی ئاوی كامپی ئاوارەكانی باریكە، ئاوی بێستانسوور بوو كە لە ڕێگەی بۆرییەكەوە دەگەیشت بە كامپەكە، بەڵام ئێستا بەهۆی كەمبوونەوەی ئاوی سەرچاوەكەوە، ئاو ناگات بە كامپی ئاوارەكان و ناچارانە پەنایان بردووەتەبەر هەڵكەندنی بیری ئیرتیوازی. هەروەك لە كۆی شەش بیری ئیرتیوازیی كامپی ئاوارەكانی ئاشتی لە عەربەت، بیرێكیان وشكیكردووە و پێنجەكەی دیكە ئاستی ئاویان دابەزیوە.

بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری سلێمانی ئاشكرایكرد، ئەگەر پێشتر بیرێكی ئیرتیوازی لە ناوچەكانی شارەزوور و قەرەداغ لە قووڵایی 100 مەتردا بگەشتبایە بە ئاو، ئەوا ئێستا بە 250 مەتر دەگاتە ڕادەی دابینكردنی ئاو.

لەگەڵ ئەو كەمبوونەوەیەی ئاوی سەرزەوی و ژێرزەویدا، شیروان جەمال گەشبینە و دەڵێت، “دڵخۆشکەر ئەوەیە بەرەو زستان دەڕۆین و ئەگەر باران وەك پێویست ببارێت، ئەوا قەیرانی كەمبوونەوەی ئاو چارەسەردەبێت”.

بابەتی پێشتر

چێوەی هەماهەنگی لەبارەی كازمییەوە ناكۆكە

بابەتی دواتر

لەسەر ڕووداوێكی كوشتن دوو تۆمەتبار خۆیان ڕادەستی ئاسایشی هەولێر كرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share