ئاسایشی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، پاش وردەكارییە یاساییەكان ژمارەیەك لە دەستگیركراوانی پیرەمەگرون بە بارمتەی یاسایی ئازاددەكرێن و هۆكاری ئەو جلوبەرگانەش كە پێوەی دەركەوتن بۆ ستاندار و یەكپۆشی دەگەڕێنێتەوە.
موقدەم یاسین سەمیع، وتەبێژی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی دەربارەی شێوازی دەستگیركردنی چەند كەسێك بە تۆمەتی دروستكردنی پشێوی لە خۆپیشاندانەكەی تشرینی دووەمی ڕابردوو لە پیرەمەگرون ڕایگەیاند، تۆمەتباران لەسەر فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایشی سلێمانی دەستگیركراون و بەپێ یاسا مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت.
وتیشی، “دوای وردەكارییە یاساییەكان ژمارەیەكیان بە بارمتەی یاسایی و بەفەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوە ئازاد دەكرێن”.
دەربارەی ڕەنگی جلوبەرگی تۆمەتباران كە كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، موقەدەم یاسین ئەوەی خستەڕوو، بەپێ یاسا و ڕێنمایی ڕێكخراوە نێودەوڵەتیەكان، بەپێ ستاندارد دەبێ جلوبەرگی زیندانی یەكپۆشی بێت. سەبارەت بە ڕەنگەكەشی وتی، ڕەنگێكی جیهانی پەیڕەوكراوە و پەیوەندی بە جۆری تۆمەتەكەوە نیە،
وتەبێژی ئاسایشی سلێمانی دڵنیایشیدا لەوەی بەردەوام ڕێكخراوە نێودەوڵەتیەكانی وەك خاچی سووری نێودەوڵەتی و ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و ڕێكخراوە تایبەتمەندەكان سەردانی زیندانیانی ئاسایش دەكەن و ئاسایشی سلێمانی پەیرەوی یاسا نێودەوڵەتیەكان دەكات.