ساوایەكی جێهێڵدراو لە تەوالێتی فڕۆكەیەكدا دۆزرایەوە

لە جێگەیەكدا كە بە بیری كەسدا نایەت، منداڵێكی تازە لەدایكبوو لە تەوالێتی فڕۆكەیەكدا كە لە مەدەغەشقەر-ەوە بەڕێكەوتبوو دۆزرایەوە. وا پێدەچێت دایكەكە منداڵەكەی لەنێو فڕۆكەكەدا بووبێت، بڕیارە ڕاستەوخۆ دوای دەرچوونی لە نەخۆشخانە لێپرسینەوەی لەگەڵ بكرێت و تۆمەتی وازهێنان لە ساواكەی بخرێتەئەستۆ.

بەپێی تۆڕی (بی بی سی)ی بەریتانی ژمارەیەك لە كارمەندانی فڕۆكەخانەی مۆریشیۆس بە ڕێكەوت منداڵێكی تازە لەدایكبوویان لە سندوقی خاشاكی تەوالێتی فڕۆكەیەكدا دۆزیوەتەوە، ئەمەش لەكاتی پشكنینی گومرگیی ڕۆتینی فڕۆكەكەدا.

بەپێی هەمان سەرچاوە فڕۆكەكە سەر بە كۆمپانیای مۆریشیۆس-ە و لە 1ی ئەم مانگە لە مەدەغەشقەرەوە سەرنشینانی گواستوەتەوە. گومان دەكرێت منداڵەكە لەنێو فڕۆكەكەدا چاوی بەدنیا هەڵهێنابێت.

گۆڤاری (دیر شپیگڵ)ی ئەڵمانی بڵاویكردووەتەوە دەسەڵاتداران دایكە گومانلێكراوەكەیان دەستگیركردووە و ڕەوانەی نەخۆشخانە كراوە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست، لەوێ لەژێر چاودێریی پۆلیسدایە. ژنەكە تەمەنی 20 ساڵە و بە ڕێگەپێدانی كاركردن بۆ ماوەی دوو ساڵ گەیشتووەتە مۆریشیۆس.

مۆریشیۆس دوورگەیەكی نزیك لە مەدەغەشقەرە.

تۆڕی بی بی سی بڵاویكردووەتەوە، دایكەكە لە سەرەتادا ڕەتیكردووەتەوە دایكی ساواكە بێت، بەڵام پشكنیكی پزیشكی بۆ كراوە و سەلمێنراوە كە تازە منداڵی بووە. دایك و منداڵەكە تەندروستییان باشە و، بڕیارە ڕاستەخۆ پاش دەرچوونی لە نەخۆشخانە لێكۆڵینەوە لە دایكەكە بكرێت و تۆمەتەكەی ڕووبەڕووبكرێتەوە.

بابەتی پێشتر

ئەمجارە لە فەرەنساوەیە.. گۆڕاوێكی دیكەی كۆرۆنا سەریهەڵدا

بابەتی دواتر

ئاسایشی سلێمانی: ژمارەیەك لە دەستگیركراوانی پیرەمەگرون ئازاددەكرێن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share