هۆشیار زێباری: پەیوەندیی ئێمە و یەكێتی بنەڕەتە و ڕۆڵ و دەنگمان بەهێزتردەبێت

عیماد ئەحمەد و هۆشیار زێباری

هۆشیار زێباری پەیوەندییەكانی حزبەكەی لەگەڵ یەكێتی بە بنەڕەت ناودەبات و دەڵێت، ڕۆڵ و دەنگمان بەهێزتردەبێت و لە بەغدادیش پێكەوە دەبین، عیماد ئەحمەدیش دەڵێت، دەچینە بەغداد بۆئەوەی ببینە هاوبەشێكی ڕاستەقینە.

ئەمڕۆ یەكەمین كۆبوونەوەی هەردوو شاندی دانوستاندكاری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی پارتی لە هەولێر ‏بەڕێوەچوو.

دوابەدوای كۆبوونەوەكە هۆشیار زێباری، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند، ئەمە یەكەم كۆبوونەوە بوو، پێشتر ڕێككەوتن هەبوو بۆ ئەوەی هەندێك لیژنەی هاوبەش دەستنیشانبكرێن.

وتیشی، “تاوتوێی دۆخی سیاسیی ئێستای عێراق و پەیوەندییەكانی یەكێتی و پارتی-مان كرد، جەختمان لەوە كردەوە كە پێكەوە كاربكەین تەنانەت لەگەڵ بەغداد هەوڵبدەین پێكەوە دانوستاندن بكەین”.

زێباری ڕوونیشیكردەوە، 9ی ئەم مانگە دەستنیشانكراوە بۆ كۆبوونەوەی ئەندامانی نوێی پەرلەمان، “پێش ئەوە هەوڵێكی جددی هەیە كە پارتی و یەكێتی پێكەوە كاربكەین و دەخوازین هێزە كوردستانییەكانی دیكەش بەشداریبكەن”.

دووپاتیشیكردەوە، “پەیوەندیی ئێمە و یەكێتی ئەساسە و دەور و دەنگمان بەهێزتر دەبێت و لە بەغدادیش پێكەوە دەبین”.

لای خۆیەوە عیماد ئەحمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی ڕایگەیاند، زیاتر قسەیان لەسەر داخوازی و داواكاری و مافی كورد و كوردستان كردووە، كە دەچنە بەغداد بۆ ئەوەیە مافی كورد و مافی هەرێم مسۆگەربكەن.

وتیشی، “شانبەشانی ئەوە شایستە و مافی هەرێم لە كابینە و لە دەوڵەتی عێراقی دەستنیشانبكەین، بۆ ئەوەی بتوانین ببین بە هاوبەشێكی ڕاستەقینە لە عێراقێكی تازەی دیموكرات و فیدراڵدا”.

بابەتی پێشتر

بەرپرسێكی عێراقی: لەناوبردنی داعش بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ پێشمەرگە نایەتەدی

بابەتی دواتر

شەش حزب داوادەكەن هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بكرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share