لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبونەوەی کۆرۆنا، ئهمڕۆ كۆبووهوه و ژمارهیهک بڕیارى نوێی دهركرد، بهپێی بڕیارهكانیش له مانگى داهاتووهوه هیچ كهسێك به بێ كارتى ڤاكسین ڕێگهى پێنادرێت سهردانى شوێنه گشتییهكان بكات.
بهپێی ڕاگهیهندراوێكى لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا كه تیایدا هاتووه، “بە سەرپەرشتی ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لیژنهكه ئهمڕۆ کۆبووەوە، لە دوای پێشکەش كردنی ڕاپۆرتی وەزارەتی تەندروستی، چەند بڕیارێک دران”.
بهپێی بڕیاره نوێیهكان، لەدوای 1/2/2022 –هوه هیچ کەسێك ڕێگەی پێنادرێت سەردانی شوێنه گشتییەكان بكات وەك (فەرمانگە حكومییەکان، مارکێت، ڕێستۆرانت، شوێنه بازرگانییەکان، کۆمپانیاکان و هۆڵی بۆنەكان) بەبێ هەبوونی کارتی ڤاکسین یان ئەنجامدانی تێستی کۆرۆنا که 48 کاتژمێری بەسەردا تێپەڕنەبووبێت.
دهقی بڕیارهكان:
یەکەم: درێژکردنەوەی ماوەی وەرگرتنی ڤاکسین لەلایەن گشت فەرمانبەرانی حکومەت، بە هەردوو ڕاژەی شارستانی و سەربازی، تاوەکو 20ی کانوونی دووەمی 2022، هەر فەرمانبەرێکیش پابەند نەبێت ئەوا بەپێی یاسای تەندروستی گشتی و بەرزەفتی فەرمانبەران مامەڵەیان لەگەڵ دا دەکرێت.
دووەم: ئەنجامدانی پشکنینی كۆرۆنا لە خاڵه سنوورییەکان بۆ هەموو ئەو گەشتیارانەی کە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن، تەنانەت ئەوانەش کە کارتی ڤاکسینیشیان هەیە، جگە لەوانەی که تێستی کۆرۆنای پێش (48) کاتژمێریان پێ بێت.
سێیەم: لیژنەی باڵا بڕیاری دا کە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بە هەماهەنگی لەگەڵ یەکە کارگێڕییەکان لە ڕۆژانی داهاتوودا ڕێنمایی تایبەت لەسەر پرسەدانان دەربکات.
چوارەم: گروپی گەشتیاری دەبێت پیش (48) کاتژمێر لە گەشتەکەیان تێستی کۆرۆنایان کردبێت یان کارتی ڤاکسینیان هەبێت.
پێنجەم: پێویسته گشت هاوڵاتیيان (ئەوانەی ڤاکسینیان وەرگرتووە یان وەرنەگرتووه) له هەموو شوێنه گشتیە داخراوه کانی وەك (فەرمانگه حكومییەکان، مارکێت، ڕێستۆرانت، شوێنه بازرگانییەكان، کۆمپانیاکان و شوینەکانی دیکەی کەرتی تایبەت) پابەندبن بە بەستنى ماسك و مەودای یەک مەتر ونیو نێوانیان بپارێزن.
شەشەم: له دوای 2022/2/1 هیچ کەسێك ڕێگەی پێ نادرێت سەردانی شوێنه گشتییەكان بكات وەك (فەرمانگە حكومییەکان، مارکێت، ڕێستۆرانت، شوێنه بازرگانییەکان، کۆمپانیاکان و هۆڵی بۆنەكان) بەبێ هەبوونی کارتی ڤاکسین یان ئەنجامدانی تێستی کۆرۆنا که (48) کاتژمێری بەسەردا تێپەڕنەبووبێت.