تەندروستیی جیهانیی لەبارەی جۆرە نوێکانی کۆرۆناوە کۆدەبێتەوە

بڕیارە ئەمڕۆ ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیی، کۆبوونەوەی نائاسایی خۆی سەبارەت بە جۆرە نوێیەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەنجامبدات و پرسی کوتان بە ڤاکسینەکانی ڤایرۆسەکەش تاتووێ بکات.

کۆبوونەوەی نائاسایی تەندروستیی جیهانیی دوای ئەوە دێت، کە جۆری نوێی کۆرۆنا لە چەند وڵاتێکی جیهان تۆمارکراوە و لە وڵاتی چینیش دووبارە ڤایرۆسی کۆرۆنا سەریهەڵداوەتەوە.

بەریتانیا ئەمڕۆ هەینی 15 ی کانوونی دووەم، سنورەکانی بەسەر کیشوەری ئەمریکای باشووردا داخست و ڕێگەنادات گەشتکردن بۆ وڵاتی پرتوگالیش بەردەوامی هەبێت، هۆکاری ئەم داخستنەش تەنها ڤایرۆسی کۆرۆنایە.

پرتوگال بەدوای دۆزینەوەی میکانزمی جێبەجێکردنی کەرەنتینەی نوێدا دەگەڕێت و لە فەرەنسا سبەی شێوازەکانی قەدەغەی هاتوچۆ گۆڕانکارییان تێدا دەکرێت.

کۆمیتەی باری لەناکاوی سەربە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیی، سێ مانگ جارێک کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دەدات، بەڵام ئەمڕۆ دوو هەفتە پێشتر لە کاتی خۆی ئەنجام دەدرێت، کە بڕیارە ئەندامانی ڕێکخراوەکە تاوتووێی شێوازی ڕوبەڕوبوونەوەی جۆرە نوێکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بکەن و شێوازی پەرەپێدان و ناردنی ڤاکسین بۆ وڵاتانی ئەندامیش تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکانە.

بەپێی ڕاپۆرتی تەندروستیی جیهانیی، جۆرە نوێکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتی بەرازیل و ژاپۆن تۆمارکراوە، لە کاتێکدا بەریتانیا بەدەست جۆرێکی ڤایرۆسەکەوە دەناڵێنێت کە خێراییەکەی چەندین بەرامبەر لە ڤایرۆسی کۆڤید – 19  خێراترە.

لە هەمان کاتیشدا لە ئەفریقای باشور جۆرێکی دیکەی ڤایرۆسەکە تۆمارکراوە، لەگەڵ ئەوەش سەرهەڵدانەوەی کۆرۆنا لەچین وایکرد تیمێکی تەندروستیی جیهانی سەردانی ئەو وڵاتە بکەن.

بابەتی پێشتر

هەڕەشەی توند لە جێگری سەرۆكی ئەمریكا كراوە.. ترەمپ دەیویست براوەكانی هەڵبژاردن بڕفێنێت

بابەتی دواتر

حکومەتی هەرێم لە فرۆشتنی نزیکەی 125 ملیۆن بەرمیل نەوت کەمتر لە دوو ملیار دۆلاری دەستکەوتووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share