دوای ئەوەی وڵاتی سریلانکا بەهۆی قەیرانی داراییەوە ڕایگەیاند، ناتوانێت پارەی قەرزی نەوتی ئێران بداتەوە، ئێستا دەیەوێت قەرزەکە بە (چا) بداتەوە، هەڵوێستی ئێرانیش بۆ ڕازیبوون بە پێشنیازەكە ئەرێنییە.
لەسەر ئەو پرسە، هاشم ئەشعزادە، باڵیۆزی ئێران لە سریلانکا ڕایگەیاندووە، “یەکێک لە ڕێگەكانی دۆزینەوەی چارەسەرەکان بۆ گەڕانەوەی قەرزی نەوتی ئێران، (چا)یە، کە ئێمە پێمان باشە”.
سریلانکا بەهۆی وەرگرتنی نەوت و نەدانی پارەکەی بە ئێران، وڵاتەكە ئێستا 251 ملیۆن دۆلار قەرزداری ئێرانە.
پێشتر بەهۆی سزای ئابوری لەسەر نەوتەكەی، ئێران ناچاربووە زۆرجار بە قەرزیش نەوتەکەی بفرۆشێت، ئەوەش بەهاوکاریی وڵاتی چین.
ڕامش پاتیرانا، وەزیری چاندن لە حکومەتی سریلانکا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی وتووە، “لە تواناماندا هەیە مانگانە بە بەهای پێنج ملیۆن دۆلار (چا) ڕەوانەی ئێران بکەین، بەوەش دەستدەکەینەوە بە دانەوەی ئەو قەرزەی بەهۆی کڕینی نەوتەوە لەسەرمان كەڵەكەبووە”.
سریلانکا چوارەمین وڵاتی بەرهەمهێنەری (چا)یە لەسەر ئاستی جیهان، ئێرانیش شەشەمین وڵاتی بەکارهێنەری (چا)یە لە جیهاندا، بەوەش ئەم مامەڵە ملیۆنان دۆلارییە، لەنێوان چوارەمین وڵاتی بەرهەمهێن و شەشەمین وڵاتی بەکارهێنەردا دەبێت.