دوای كشانەوەی ئەمریكا چی ڕوودەدات؟.. دژەتیرۆری عێراق باسی بڵاوكردنەوەی پێشمەرگە دەكات

چاوەكانی چاوەڕوانی لەسەر قۆناغی دوای كشانەوەی هێزە شەڕكەرەكانی ئەمریكا لە عێراقن، چی ڕوودەدات؟ پەیوەندیی نێوان هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزەكانی عێراق و گەڕانەوەی یەكەمیان بۆ ناوچە دابڕاوەكان بەكوێ دەگەن؟ سەباح نوعمان وتەبێژی دەزگای دژەتیرۆری عێراق وەڵامی ئەو پرسیارانە دەداتەوە و دەڵێت، پێكهێنانی دوو لیوای هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق پێشهاتێكی ئەرێنییە و لەگەڵ پێشمەرگە بۆشاییە ئەمنییەكانی ناوچە دابڕاوەكان پڕدەكەنەوە و هاوئاهەنگییەكی هەواڵگریی ئاستبەرز لەنێوان هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستاندا هەیە، هەروەك بە هاوكاریی دەزگای دژەتیرۆر لە سلێمانی، بەمدواییانە سێ سەركردەی داعش كوژراون.

سەباح نوعمان وتەبێژی دەزگای دژەتیرۆری عێراق لێدوانی بۆ میدیای عێراقی داوە و ڕایگەیاندووە، دوای كشانەوەی ئەمریكا لە عێراق، بۆشاییە ئەمنییەكان لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان پڕدەكەنەوە.

ئەو دەڵێت، “لەڕووی هەواڵگرییەوە هاوئاهەنگییەكی ئاستبەرز لەنێوان هێزەكانی عێراق و دەزگای دژەتیرۆر لە سلێمانی هەیە و لە ئەنجامی هاوكاری و ئاڵگوگۆڕی زانیاریدا توانیمان سێ سەركردەی ڕێكخراوی داعش لە دۆڵی زغێتون بكوژین”.

وتەبێژی دەزگای دژەتیرۆری عێراق ڕاشیگەیاند، “ئەمساڵ 100 تیرۆریست كوژراون و 200ی تریش دەستگیركراون، كە بەشێك لەو چالاكییانە بەهۆی هاوكاریی نێوان هێزەكانی فیدراڵ و هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستانەوە بووە، بەتایبەت ئەو تیرۆریستانەی هەفتەی ڕابردوو دەستگیركران”.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، دەستگیركردنی چەند تیرۆریستێكی لە هەڵەبجە و هەولێر ڕاگەیاند كە بەشێكیان لە بەغداد و چەند ناوچەیەكی تر كاری تیرۆریستییانەیان كردبوو.

لەبارەی بۆشاییە ئەمنییەكان و دۆخی ناوچە دابڕاوەكانەوە، وتەبێژی دەزگای دژەتیرۆری عێراق دەڵێت، “ئەمساڵ هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان لە ئاستێكی بەرزدابوو، لەگەڵ ئەوەشدا چەند ناوچەیەكی بۆشایی ئەمنیی هەن و ڕێكخراوی داعش ئەوەی قۆستووەتەوە بۆ ئەنجامدانی كردەوەی تیرۆریستی كە لەڕووی تۆبۆگرافییەوە ناوچەی سەختن، لە دوو مانگی ڕابردووشدا ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەشمان لەگەڵ برایانی پێشمەرگە لە باكووری خانەقین و كفری ئەنجامدا و توانیمان چەندین ئەشكەوت و مۆڵگە كە داعش بۆ هێرشكردن بەكاریدەهێنان، خاپووربكەین”.

“پێكهێنانی دوو لیوای هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق پێشهاتێكی ئەرێنییە و پێشتر كاری لەو جۆرە نەكراوە، لەگەڵ پێشمەرگە بۆشاییە ئەمنییەكان پڕدەكەینەوە و مەترسییەكانی داعش لەناودەبەن، هێزەكانی ئەو دوو لیوایە لەو ناوچانەدا بڵاودەكرێنەوە كە لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە بۆشایی ئەمنییان تێكەوتووە”، وەك وتەبێژی دەزگای دژەتیرۆری عێراق دەڵێت.

بابەتی پێشتر

توێژینه‌وه‌یه‌ك: چای گەرم مه‌ترسیی تووشبوون به‌ شێرپه‌نجه‌ دروستدەكات ‏

بابەتی دواتر

 سوودە گرنگەکانی تیشکی خۆر.. لەناویاندا ڕووبەڕووبوونەوەی پیربوون

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

هاوڵاتییه‌ك به ‌بڕێك پاره ‌و ئاڵتوونه‌وه‌ راده‌ستی‌ كه‌سوكاره‌كه‌ی‌ كرایه‌وه‌

مه‌فره‌زه‌كانی‌ بنكه‌ی‌ پۆلیسی‌ به‌كره‌جۆ لە سلێمانی، هاوڵاتییه‌ك به ‌بڕێك پاره ‌و ئاڵتوونه‌وه‌ راده‌ستی‌ كه‌سوكاره‌كه‌ی‌ دەکەنەوە. به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌…
زیاتر ببینە

مەرزی كێلێ بە نێودەوڵەتی دەكرێت

شاندێكی ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەرین سەردانی ئێران دەكەن و بە نێودەوڵەتیكردنی مەرزی كێلێ ئامانجی سەردانی شاندەكەیە. بەپێی ڕاگەیەندراوێكی ئیدارەی…
Total
0
Share