پێگەی گوگڵ تووشی زیانێکی شۆکهێنەر بوو، دوای ئەوەی پلەی یەکەمی زۆرترین سەردانیکەری لە جیهاندا بۆ ساڵی 2021 لەدەستدا و پێگەی تیکتۆک شوێنی گرتەوە.
بەپێی کۆمپانیای ئاسایشی ئەلیکترۆنی کلاود فلیەر، پێگەی گوگڵ پلەی یەکەمی لە زۆرترین سەردانیکەردا بۆ ساڵی 2021 لەدەستداوە، لەبەرامبەردا پێگەی تیکتۆک توانی بێتە پلەی یەکەم و گوگڵ بهێنێتە خوارەوە بۆ پلەی دووەم.
پێگەی تیکتۆک توانیویەتی ژمارەیەکی پێوانەیی لە چوونەپێشەوە تۆماربکات، لەکاتێکدا لە ساڵی 2020دا لەپلەی حەوتەمدا بووە، بەڵام لەمساڵدا گەیشتووەتە پلەی یەکەم.
پێشتریش و لە مانگی ئەیلولدا تیکتۆک توانیبووی ژمارەیەکی پێوانەیی دیکە تۆماربکات، بە گەیشتنی بە یەک ملیار بەکارهێنەر.
بەپێی ئەو ڕیزبەندییەی بۆ 10 بەناوبانگترین پێگە لەجیهاندا لەڕووی سەردانیکەرەوە تۆمارکراوە، تیکتۆک یەکەم، گوگڵ دووەم، دواتر فەیسبووک بە پلەی سێیەم دێت، پلەكانی چوارەم تا دەیەومیش بەمشێوەیەن، مایکرۆسۆفت، ئەپڵ، ئەمازۆن، نێتفلێکس، یوتیوب، تویتەر و وەتسئەپ.