هێڵی ئاسمانیی عێراق سوپاسی كچه‌ فڕۆكه‌وانێكى سلێمانى ده‌كات

هێڵى ئاسمانیی عێراق سوپاسنامه‌یه‌ك ئاراسته‌ى كچه‌ فڕۆكه‌وانێكى كوردى خه‌ڵكى سلێمانى ده‌كات به‌هۆی ئه‌وه‌ى توانیویەتی‌ به‌ سه‌لامه‌تیى سه‌رنشینه‌كانیان له‌ گه‌رده‌لووله‌كه‌ى ئیستانبول ڕزگاربكات.

عەباس عومران، بەڕێوەبەری ھێڵی ئاسمانیی عێراق له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ى به‌وه‌كردووه‌، سوپاسی تیمى فڕۆكه‌وانیى تیمی گەشتی ژمارە (IA223) دەکەن کە فڕۆکەی جۆری (B737-800/YIASJ) لە فڕۆکەخانەی بەغداده‌وە بۆ فڕۆکەخانەی ئیستانبول ئەنجامیداوە.

كاپتنی فڕۆکەکە و (وەرتێ بەکر حاجی عەلی)ی یاریدەدەری کە کچە کوردێکی خەڵکی شاری سلێمانییە، لەکاتی گەشتەکەدا فڕۆکە نەفەرھەڵگرەكه‌یان ڕووبەڕووی گەردەلوول بووەته‌وه‌، بەڵام تیمی فڕۆکەکە توانیویانە بە سەلامەتیی سەرنشینەکان ڕزگاربکەن.

بەڕێوەبەری ھێڵی ئاسمانیی عێراق ئاشكراشیكردووه‌، کەمال عەباس و وەرتێ بەکر دوو فڕۆکەوانی بەئەزموونن کە دوای کاتژمێرێک و 30 خولەک فڕین بە ئاسمانی شاری ئیستانبولدا، بەسەلامەتی نیشتوونەتەوە و گیانی سەرجەم سەرنشینەکانیان لە مەترسیی گەشتەکە ڕزگارکردووە.

ڕۆژانى دووشه‌ممه‌ و سێشه‌ممەی ڕابردوو،‌ بەھۆی ‏گەردەلوولەوە لە ناوچەی مەڕمەڕەی باکووری خۆرئاوای توركیا، پێنج کەس گیانیان ‏لەدەست دا و 63 کەسی دیکە برینداربوون، هه‌روه‌ها زیانێكى زۆر به‌ر خانوو و ده‌رخته‌كانى ئه‌و ناوچانه‌ گه‌یشت و گەردەلوولەكە بووه‌هۆی ڕاگرتنى ده‌وامی خوێندكاران.

بابەتی پێشتر

پڕۆژەیاسایەك بۆ ڕاگرتنی جموجۆڵی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئێران و سزادانی هاوكارەكانی

بابەتی دواتر

ڕۆژی جیهانیی ئایدز.. هەرێمی كوردستان 40 حاڵەتی تێدایە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share