سەرۆكی لیژنەی وزەی ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانی ڕایدهگهیهنێت، وهزارهتى سامانه سروشتییهكان دەیەوێت نەوتى سپى بەسەر دانیشتووانى گەرمیاندا دابەشنەکات و هۆکارەکەشى ئاشکرا دەکات.
کەریم عەلى، سەرۆكی لیژنەى پیشەسازى و وزە لە ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشكرایكردووە، “بەپێی بەدواداچوونمان، دابەشنەکردنی نەوتی سپیی ماڵان لە سنووری گەرمیان بەمەبەستە و دەویسترێت ئەمساڵ لە سنووری گەرمیان نەوت دابەشنەکرێت”.
بەوتەی سەرۆكی لیژنە تایبەتمەندەكە، بیانووی دابهشنهكردنى نهوت له گەرمیان ئهوهیه كە پلەکانی گەرما لەو ناوچەیە زۆر دانابەزێت، بەڵام ئەو کارە بە “غەدرێکی ڕوون و ئاشکرا لە دانیشتووانی سنووری گەرمیان” وەسفدەكات، دەڵێت، “لە کاتێکدا لە هەموو ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، ڕێژەیەک نەوتی سپی دابەشکراوە و ڕۆژانەش نزیکەی (50) هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە گەرمیان دەردەهێنرێت، بەڵام هاوڵاتییانیشی بێبەشدەکرێن لە پێدانی نەوتی سپی”.
سەرۆكی لیژنەی وزەی ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى جەختیکردووەتەوە، بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە دەکەن و هەموو هەوڵێک دەدەن بەشی هاوڵاتییانی سنووری گەرمیان لە نەوتی سپی بنێردرێت، بە هەمان ئەو ڕێژەیەی لە سنوورەکانی دیکە دابەشکراوە .