بڕیارە سبەی شاندێكی باڵای “چێوەی هەماهەنگی” بەسەرۆكایەتیی نوری مالكی سەردانی هەرێمی كوردستان بكات و لەگەڵ لایەنە كوردستانییەكاندا گفتوگۆبكەن لەبارەی پێكهێنانی حكومەتەوە، وتەبێژی دەوڵەتی یاساش لەبارەی سێ سەرۆكایەتییەكەوە بۆ ئێستا دەدوێت.
بەها نوری، وتەبێژی فەرمیی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی ئێستا وتی، “شاندێكی چێوەی هەماهەنگی بەسەرۆكایەتیی نوری مالكی سەرۆكی دەوڵەتی یاسا سبەی سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات و لەگەڵ لایەنە كوردییەكاندا گفتوگۆدەكەن لەبارەی پێكهێنانی حكومەتەوە”.
بەها نوری ڕایگەیاند، “ئامانجمان پێكهێنانی حكومەتێكی تەوافوقیی بەهێزە، بۆیە لەگەڵ كورد و لایەنە سوننییەكان و سەربەخۆكانیشدا دانوستاندن دەكەین بەمەبەستی ڕێككەوتن”.
دوێنێ سەرچاوەیەك لە چێوەی هەماهەنگی لێدوانی بۆ میدیای عێراقی دابوو و ڕایگەیاندبوو، سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق دەگۆڕدرێن، وتەبێژەكەی دەوڵەتی یاسا لە لێدوانەكەیدا بۆ ئێستا ئەوەی ڕەتكردەوە و ڕایگەیاند، “هێشتا زووە قسە لەبارەی سێ سەرۆكایەتییەكەوە بكرێت، تا ئێستا كەس قسەی لەبارەوە نەكردوون، پۆستەكانی سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق بۆ پێكهاتەكان یەكلاییبوونەتەوە و دیاریكراون كە سەرۆكایەتیی كۆمار بۆ كوردە و سەرۆك وەزیران بۆ شیعەكان و سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانیش بۆ سوننە”.
وتەبێژی فەرمیی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا جەختیكردەوە لەوەی “چێوەی هەماهەنگی تا ئێستا گەورەترین هاوپەیمانییە و 90 كورسیی پەرلەمانی هەیە كە ئەوەش زۆرترین ژمارەی كورسییە، لەگەڵ ئەوەشدا كراوەیە بەڕووی هەموو لایەنەكاندا و دەیەوێت گەورەترین فراكسیۆن پێكبهێنێت و حكومەتی نوێ پێكبهێنێت”.