مەستی فیلم پرسی فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی بردە دادگا و دەزگای فێستیڤاڵەكەش دەڵێت: سبەی دەستپێدەكەین

خاوەنی كۆمپانیای مەستی فیلم ڕایدەگەیەنێت، لە ساڵانی ڕابردوودا فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتیی سلێمانی-یان بەڕێوەبردووە، بەڵام ئەمساڵ دەزگایەكی دیكە بەهەمان ناو و لۆگۆی ئەوانەوە فێستیڤاڵەكە ڕێكدەخات و دەڵێت، سكاڵایان لەدژ تۆماركراوە. بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەزگای بەڕێوەبردنی فێستیڤاڵەكەش جەختدەكاتەوە كە سبەی چالاكییەكانی فێستیڤاڵەكە دەستپێدەكەن.

لەبارەی دۆسیەكەوە، فوئاد جەلال بەڕێوەبەری كۆمپانیای مەستی فیلم بۆ “ئێستا” دوا و ڕایگەیاند، “چوار ساڵە وەك كۆمپانیای مەستی فیلم فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی بەڕێوەدەبەین و ڕێگەپێدانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی وەرگرتووە، لۆگۆ و ناوی فێستیڤاڵەكەش بەناوی كۆمپانیای مەستی فیلمەوەیە، بەڵام ئەمساڵ وەزارەتی ڕۆشنبیری ناو و لۆگۆی داوە بەوانەی بە پارچە لای ئێمە كاریاندەكرد و دەزگایەكیان بەناوی دەزگای فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتیی سلێمانی لەژێر هەمان ناو و لۆگۆی ئێمەدا دروستكردووە”.

وتیشی، “داوامانكردووە كارەكان ڕابگیرێن؛ چونكە ناكرێت دوو دەزگا بەهەمان ناو و لۆگۆوە هەبن، بەڵام نەگەیشتین بە ڕێككەوتن و ئەوان خوولی پێنجەمی فێستیڤاڵیان ڕاگەیاند و سپۆنسەر و داهاتیان كۆكردووەتەوە و بڕیارە چالاكییەكە دەستپێبكەن”.

لەبارەی گرتنەبەری ڕێككار لەلایەن كۆمپانیای مەستی فیلمەوە، فوئاد جەلال وتی، “سكاڵام لە دادگا تۆماركرد و ئەمڕۆ دادگا بڕیاری داخستنی شوێنەكە و دەستەبەسەرداگرتنی كەلوپەلەكانی دا، بەڵام كاتێك نوێنەرانی دادگا ڕۆیشتوون دەستبەسەر كەلوپەلەكاندا بگرن و ڕادەستی لایەنی سێیەمی بكەن كە هەردوولا دەیناسین تا ئەوكاتەی دادگا یەكلاییدەكاتەوە كە ناو و لۆگۆكە هی كێن، كەلوپەلەكان لەوێ نەمابوون و كۆكرابوونەوە”.

ئەو دەڵێت، “كەسانی سیاسی دەستوەردانیان لە كەیسەكەدا كردووە و پەیوەندییان بە كاربەدەستانی دادگا كرد و چەند دادوەرێك دۆسیەكەیان بەلاڕێدا برد و دوایانخست بۆ ڕۆژی یەكشەممەی داهاتوو، پێشبینیدەكەم ئەوكات بڕیارەكەش هەڵبوەشێننەوە”.

لەبارەی ئەوەی ئایا فێستیڤاڵەكە بەڕێوەدەچێت؟ لەكاتێكدا بڕیارە سبەی هەینی دەستپێبكات، فوئاد جەلال وتی، “ئەگەر ئەو كارە بكەن دەكەونەبەر بەرپرسیارێتیی یاساییەوە و بەرپرسیار دەبن بەوەی چۆن فێستیڤاڵەكەیان سازداوە”.

ئاشكراشیكرد كە سبەی هەینی بەر لە دەستپێكردنی فێستیڤاڵەكە، كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ڕێكدەخات و لەبارەی كەیسەكەوە قسە بۆ نوێنەرانی دەزگاكانی میدیا دەكات.

لای خۆیەوە و لە لێدوانێكدا بۆ “تۆڕی میدیایی ئێستا”، شەهێن سابیر بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەزگای فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتیی سلێمانی ڕایگەیاند، “سبەی چالاكییەكانی فێستیڤاڵەكە دەستپێدەكەن و لایەنی بەرامبەر دەتوانێت لەڕێگەی یاساوە داخوازیی خۆی بگەیەنێت”.

بابەتی پێشتر

ئاسایشی سلێمانی ژن و پیاویکی لەسەر کوشتنی ژنێک لە بەکرەجۆ دەستگیرکرد

بابەتی دواتر

ڤیدیۆ.. ئاسایشی گەرمیان گۆڕێکی بەکۆمەڵی دۆزییەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share