دوای نیگەرانی و ناڕەزایەتیی ژینگەپارێزان و خەڵکی گەرمیان لە کاری غەسالەکانی سەر ڕووباری سیروان، ئەمڕۆ ئیدارەی گەرمیان بڕیاریدا بە لابردنی ئەو كارگانەی چەو و لم و دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆیان.
سەرچاوەیەک لە ئیدارەی گەرمیانەوە بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “دوای بڕیاری لابردنی غەسالەکانی سەر ڕووباری سیروان، کارئاسانی تەواودەکرێت بۆ خاوەن غەسالەکان تا لە شوێن و ناوچەی گونجاودا ئیشەکانیان بگۆڕن بۆ (کەسارە)”.
ئەمڕۆ لە دیوانی ئیدارەی گەرمیان، کۆبوونەوەیەک لە نێوان سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، قائیمقامی قەزای کەلار، و بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری گەرمیان و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەری فەرمانگە حکومییەکان و چالاکوانان و خاوەن غەسالەکانی سەر ڕووباری سیروان بەڕێوەچوو، میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی بڕیاری لابردنی غەسالەکانی سەر ڕووباری سیروان تاوتوێکرا.
ئیدارەی گەرمیان لەسەر بڕیارەکە ڕایگەیاندووە، چەند کۆبوونەوەیەک سەبارەت بە ڕێکخستنەوەی کاری کارگەکانی چەو و لم لەسەر ڕووباری سیروان ئەنجامدراوە، دواتریش بە ھەماھەنگی لەگەڵ فەرمانگە حکومییەکانی ئیدارەی گەرمیان و لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و پاراستنی ژینگەی گەرمیان، بڕیار لەسەر لابردنی کارگەکانی چەو و لم درا.
ئیدارەی گەرمیان ئاشکرایکردووە، بڕیاری لابردنی کارگەکانی چەو و لم لەسەر ڕووباری سیروان و گۆڕینیان بۆ کەسارە، بۆتە بڕیاری حکومەت و دەبێت بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.