بۆ ڕێكخستنی ئاهەنگی شەوانە و بەمەبەستی ڕێگەگرتن لە دیاردەی ناشرین و ڕووداوی نەخوازراو، پارێزگای هەولێر چەند بڕیارێكی دەركرد.
نیوەڕۆى ئەمڕۆ بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ئامادەبوونى هێمن قادر، جێگرى پارێزگار لەدیوانى پارێزگا کۆبوونەوەیەکى تایبەت بە ڕێکخستنى کار و پڕۆگرامى ئاهەنگى شەوانەى (هوتێل، ڕێستورانت، باڕ و هۆڵەکان).
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی كۆبوونەوەكە، “لەپێناو بەرژەوەندیى گشتى و بەمەبەستی ڕێگەگرتن لە دیاردەى ناشرین و دوور لە ئادابى گشتى و ڕوونەدانى ڕووداوى نەخوازراو و پاراستنى داب و نەریت و ڕێکخستنى کار و پڕۆگرامى ئاهەنگەكانی شەوانە چەند بڕیارێك دران لەوانە:
یەکەم/ مۆڵەتى کارکردنى گەشتیاریى ئاهەنگگێڕانى شەوانە، تەنها دەدرێت بە هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان.
دووەم/ بەکارهێنانى مۆڵەتى کارکردن تەنها لە (هوتێل، ڕێستورانت، باڕ، هۆڵەکان)ى چوار ئەستێرە و پێنج ئەستێرە دەبێت.
سێیەم/ نابێت خاوەن مۆڵەت بەبێ پشتگیرىی (بەڕێوەبەرایەتى گشتیی ڕۆشنبیرى و هونەرى هەولێر و بەڕێوەبەرایەتى گشتیى گەشتوگوزارى هەولێر) ڕێگە بە گۆرانیبێژ و هونەرمەندان بدات بۆ گۆرانى وتن لە ئاهەنگى شەوانە.
چوارەم/ دەبێت خاوەن مۆڵەت لە ئاهەنگى شەوانە بەڕێژەى (50%) بەشدارى بە هونەرمەند و گۆرانیبێژى کوردستان بکات.
پێنجەم/ دەبێت شوێنى ئاهەنگگێڕانى شەوانە ڕووپۆشکرابێت بە بەربەستى دەنگ (عازل الصوت).
شەشەم/ دەبێت خاوەن مۆڵەت گرێبەست لەگەڵ گۆرانیبێژ و هونەرمەند بکات، نابێت گۆرانیبێژ و هونەرمەندیش جگە لەو ڕێکكەوتنەى کە لەگەڵ خاوەن مۆڵەت کردوویەتى، لەهیچ هۆڵ و شوێنێکى تر کاربکات.
حەوتەم/ تەمەنى ئەو کارمەندانەى لەو شوێنانە کاردەکەن دەبێت لەسەرووى (20) ساڵ بێت.
هەشتەم/ ئاهەنگى شەوانە تاوەکو کاتژمێر (1)ى شەو ڕێگەپێدراوە، بەپێچەوانەوە سەرپێچیکار ڕێکارى یاسایی دەگیرێتەبەر.
هەروەها چەند بڕیارێكی دیكەی بڵاوكردووەتەوە لەوانە، لەکاتى ئاهەنگگێڕان، هەڵدانى پارە، ناوهێنانى کەسایەتییەکان، هەڵسوکەوتى بێزارکەر بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە، هەروەها چوونەژوورەوەى كەسی خوار تەمەن (18) ساڵ بۆ ئاهەنگى شەوانە بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە، جگە لە ئاهەنگى خێزانىی تایبەت نەبێت.
هەر بەپێی بڕیارەكان، جگە لەو گۆرانیبێژ و هونەرمەندانەى گرێبەستیان لەگەڵ کراوە بۆ گۆرانى وتن، چوونە سەر ستەیج و گۆرانى وتن بەهەموو شێوەیەک بۆ هەموو کەسێک قەدەغەیە، قومارکردن بە ئامێر، سەرجەم شێوە و شێواز و جۆرەکانیەوە بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە و خواردنەوەى ماددە کحولیەکان (مەشروب) لەسەر شەقام، باخچە، پارک، ناو ئۆتۆمبێل، شوێنەگشتییەکان، بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە).