سیستمی تەندروستیی بەریتانیا گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی گۆڕاوی ئۆمیکرۆن سەرجەم ڤاکسینەکان تێدەپەڕێنێت، بە ژەمی سێیەمیشەوە، پێشتریش سەنتەری کۆنترۆڵکردن و چاودێریکردنی نەخۆشییەکانی ئەمریکا – CDC هەمان ئەنجامی خستبووەڕوو.
هەردوو ناوەندە فەرمییە تەندروستییەکەی ئەو دوو وڵاتە جەختدەکەنەوە، بەشێکی زۆری ئەوانەی تووشی گۆڕاوی ئۆمیکرۆن بوون ئەو کەسانەن کە ڤاکسینیان وەرگرتووە، لەناویشیاندا بەشێکیان ئەو کەسانەن کە ژەمی سێیەمی ڤاکسینەکەیان پێداروە.
ئاژانسی ئاسایشی تەندروستیی بەریتانیا باس لە مەترسیی بڵاوبوونەوەی خێرای ئۆمیکرۆن لەو وڵاتە دەکات و جەختدەکاتەوە، هیچ ژەمێکی زیادەی ڤاکسینەکان ناتوانێت ڕێگری لە گۆڕاوەکە بکات، تەنها ئەگەری هەیە نیشانەکانی تووشبوون سووکتر بکات.
ئاژانسەکە دەڵێت، ژەمە زیادەکان دەتوانن بەڕێژەی 70% بۆ 75% نیشانە مەترسیدارەکان کەمبکەنەوە، بەڵام بەهیچ شێوەیەک ڕێگری لە تووشبوون ناکەن.
هەر ئەمڕۆ ئاژانسی بلومبێرگ توێژینەوەیەکی نوێی بەریتانیی بڵاوکردەوە، هۆشداری لە زستانێکی سەخت بۆ وڵاتەکەی دەدات لەڕووی تووشبوون و مردن بە گۆڕاوی ئۆمیکرۆن.
ئەو توێژینەوە بەریتانیە ئاماژەی بەوەکردووە، ئەگەری هەیە لە بەریتانیا 175 هەزار کەس تووشی حاڵەتی توندی گۆڕاوەکە ببن و 75 هەزاریش بەوهۆیەوە گیانلەدەستبدەن، کە بە ئاماژەیەکی مەترسیداری ناودەبات و نیوەی ئەو ژمارەی گیانلەدەستدانە تێدەپەڕێنێت کە بەهۆی کۆرۆناوە لەسەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکەوە لە بەریتانیا تۆمارکراون.