دەستگیركردنی ڕۆژنامەنووسان لە جیهان ژمارەی پێوانەیی تۆماركردووە

‏”بۆ ساڵی شەشەمە لەسەریەك لیژنەی بەرگری لە ڕۆژنامەنووسان ژمارەی پێوانەیی ‏ڕۆژنامەنووسانی دەستگیركراو لە جیهاندا تۆماردەكات”

ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی ئەمساڵ لەسەر ئاستی جیهاندا دەستبەسەركراون، ‏گەیشتووەتە ئاستێكی بێپێشینە و 293 ڕۆژنامەنووسن، بەپێی (لیژنەی بەرگری لە ‏ڕۆژنامەنوسان) كە بارەگاكەی لە نیویۆركە، چواریەكی ئەو ژمارەیە لە چین و میانمار ‏بوون. ‏

لە ڕاپۆرتی ساڵانەیدا لیژنەی بەرگری لە ڕۆژنامەنووسان دەڵێت، 50 ڕۆژنامەنووس لە ‏چین، 26 لە میانمار، 25 لە میسر، 23 لە ڤێتنام و 19 لە بیلاڕوسیا دەستبەسەرن.‏

لەگەڵ ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە (سعودیە، ئێران، توركیا، ڕوسیا، ئەسیوپیا و ئەریتریا) ‏دەستبەسەركراون، كۆی ژمارەیان دەگاتە 293 ڕۆژنامەنووسی دەستبەسەركراو لە ‏جیهاندا، بەراورد بە 280 ڕۆژنامەنووس لە ساڵی ڕابردوودا.‏

‏”بۆ ساڵی شەشەمە لەسەریەك لیژنەی بەرگری لە ڕۆژنامەنووسان ژمارەی پێوانەیی ‏ڕۆژنامەنووسانی دەستگیركراو لە جیهاندا تۆماردەكات”، بەپێی گول سایمۆن، ‏بەڕێوەبەری جێبەجێكاری لیژنەكە.‏

سایمۆن لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت، “بەندكردنی ڕۆژنامەنووسان بەهۆی ئامادەكردنی ‏ڕاپۆرتە هەواڵ، ئەو جیاوازییەیە كە ڕژێمێكی سەركوتكاری پێ جیادەكرێتەوە”.‏

لیژنەی بەرگری لە ڕۆژنامەنووسان ماوەی 40 ساڵە ئیدانەی ئەو كارانە دەكات كە ‏ڕووبەڕووی ڕۆژنامەنووسان دەبێتەوە لە كوشتن، بەندكردن، چاودێری، ئەشكەنجەی ‏جەستەیی و هەڕەشە.‏

لیژنەكە كوژرانی 24 ڕۆژنامەنووسی لەمساڵدا لەسەر ئاستی جیهان تۆماركردووە.‏

تائێستا مەكسیك، “خوێناویترین وڵاتە لە نیوەی ڕۆژئاوای گۆی زەوی سەبارەت بە ‏ڕۆژنامەنووسان، لەگەڵ كوژرانی سێ ڕۆژنامەنووس بەهۆی ڕاپۆرتەكانیان، لەكاتێكدا ‏لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن بۆ زانینی پاڵنەرەكانی كوشتنی شەشی دیكە، وەك ئەوەی لیژنەكە ‏دەیڵێت.‏

ئاماژەشدەدات، ژمارەی ڕۆژنامەنووسانی دەستبەسەركراو ڕەنگدانەوەی “زیادبوونی ‏لێخۆشنەبوونە بەرامبەر ڕاپۆرتە سەربەخۆكان لە سەرتاسەری جیهان”.‏
‏ ‏
لە كۆتاییشدا تیشك دەخاتەسەر كۆتوبەند لەسەر ئەو ژینگەیەی ڕۆژنامەنووسان لە جیهاندا ‏كاری تیادەكەن، لەوانەش ئەو یاسایانەی بۆ بەئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان ‏بەكاردەهێنرێت لە هۆنگ كۆنگ و شینجیانگ و، كودەتاكەی میانمار، جەنگ لە باكووری ‏ئەسیوپیا و سەركەوتكردنی بەرهەڵستكاران لە بیلاڕوسیا.‏

بابەتی پێشتر

باوکی وەزیری نوێی کاروباری کۆچبەرانی ئەڵمانیا پەیوەندی لەگەڵ پێشمەرگە هەبووە

بابەتی دواتر

تیروپشکی قۆناغی 16ی چامپیۆنز لیگ کەی دەکرێت؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share