ئەمریكا گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران ڕەتدەكاتەوە

لە زاری وتەبێژی دەرەوەی وڵاتەكەی، ئەمریكا ڕەتی دەكاتەوە بیەوێت، گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێراندا بكات لە دانوستانەكانی ڤییەنا، كە سبەی لەبارەی ڕێككەوتنی ئەتۆمیی ئێران بەڕێوەدەچێت.

ئەمڕۆ دووشەممە 5ی نیسان، نید پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی، “لە دانوستانەكانی ڤییەنادا ڕۆب مالی، سەرۆكایەتیی شاندی ئەمریكا دەكات كە شارەزایە لە دۆسییەی ئێراندا”.

پرایس ئەوەشی خستوەتەڕوو، “پێشبینی دەرچەیەكی خیرا و زوو ناكەین لەبارەی دانوستانەكان، هەروەها كابینەكەی جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا لە ئێستادا پێشبینی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێراندا ناكات”.

بەڵام وتەبێژەكەی دەرەوەی ئەمریكا نەیشاردووەتەوە، كە ئەوان كراوەن لەبارەی ئەو پرسەوە.

ئەوەشی ڕاگەیاندووە، “دانوستانەكانی ڤییەنا، ئەوروپییەكان بەڕێوەی دەبەن، پێویستە ئێران بگەڕێتەوە بۆ ڕێككەوتنی ئەتۆمی، ئەوكات ئەمریكا هەنگاوەكانی سوككردنی سزاكانی سەر ئەو وڵاتە جێبەجێ دەكات”.

بڕیارە دانوستانەكانی ڤییەنا، سبەی سێشەممە 6ی نیسان بەڕێوە بچن، كە تاووتوێی ڕێككەوتنی ئەتۆمیی ئێران دەكرێت.

بابەتی پێشتر

زانیاری سەرنجڕاكێش لەسەر دڵ و پەیوەندی بە عەشقەوە

بابەتی دواتر

ئێڤەرتۆن 1-1 کریستاڵ پاڵاس

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

نرخی نەوت بەرزبووەوە

نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینی و یەك بەرمیل نەوتی خاوی برێنت لەسەروو 75 دۆلارەوە مامەڵەی…
Total
0
Share