ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕایگەیاند، ڤاکسینەکانی کۆرۆنا بۆ گۆڕاوی ئۆمیکرۆنیش کاریگەرن و جەختیکردووەتەوە هیچ ئاماژەیەک نییە بۆئەوەی نیشانیبدات گۆڕاوەکە دەبێتەهۆی نیشانەی سەختتر بەروارد بەسەرجەم گۆراوەکانی دیکە بە “دەلتا”شەوە.
مایکڵ ڕایان بەرپرسی حاڵەتە کتوپڕەکان لە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاشکرایکرد، هیچ هۆکارێک نییە بۆئەوەی گومانمان هەبێت لە کاریگەریی ڤاکسینەکانی کۆرۆنا دژی گۆڕاوی ئۆمیکرۆنیش.
ئەو بەرپرسەی تەندروستیی جیهانی جەختیشیکردووەتەوە، هیچ ئاماژەیەک نییە بۆئەوەی نیشانمان بدات گۆڕاوی ئۆمیکرۆن دەبێتەهۆی نیشانەی توندتر لەکەسی تووشبوودا بەراورد بە گۆڕاوی دەلتا.
مایکڵ ڕاین لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی فرانس پرێس دەڵێت، “ژمارەیەک ڤاکسینی تەواو کاریگەرمان هەیە دژی سەرجەم گۆڕاوەکانی پێشووی کۆرۆنا، بۆیە هیچ بەڵگەیەک نییە بۆئەوەی وابیربکەینەوە ئەو ڤاکسینانە بۆ گۆراوی ئۆمیکرۆن هەمان کاریگەریی نییە، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە توێژینەوەکان لەوبارەیەوە بەردەوامبن”.
ئەو پزیشکە جیهانییە دەڵێت، “ئەوەی تێبینیمان کردووە، تووشبووەکانی جیهان تائێستا حاڵەتی توند و سەختی خراپتر لەپێشوویان تێدا تۆمارنەکراوە بەهۆی ئۆمیکرۆنەوە، بەڵکو لەهەندێک ناوچەی ئەفریقای باشوور حاڵەتەکان تێیاندا هێواشترە بەراورد بە گۆراوەکانی پێشوو”.
هۆشداریشدەدات لەبارەی مامەڵەکردن لەگەڵ زانیارییەکان بەهۆی ئەوەی گۆڕاوەکە لە 24ی تشرینی دووەم سەریهەڵداوە، بۆیە گرنگەی بزانرێت چۆن مامەڵە لەگەڵ داتا و زانیارییەکان دەکرێت لەگەڵ ئەوەشدا زانیارییەکان کە تائێستا لەبەردەستدان سەرەتایین.
پێشتریش دکتۆر ئەنتۆنی فاوچی ڕاوێژکاری پزیشکیی کۆشکی سپی و بەڕێوەبەری پەیمانگای نیشتمانیی ئەمریکا بۆ نەخۆشییە کوشندەکان بەئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند، گۆڕاوی ئۆمیکرۆن لە گۆراوەکانی پێشوو بە گۆڕاوی دەلتاشەوە لاوازترە و هێندەی ئەو گۆراوانەی دیکە مەترسیدارنییە.