وەزارەتی ڕۆشنبیری و شوێنەواری عێراق ڕایگەیاند، تابلۆی (خەونی گلگامش) ڕادەستی عێراق کرایەوە، کە لە ساڵی 1991ــەوە دزراوە.
دوای چەند ساڵێک لە هەوڵی گەڕاندنەوەی تابلۆی قوڕیی خەونی گلگامش، کە لەدوای دزرانی لە ساڵی 1991، بەڕێگای بازرگانی و فرۆشتن لە ساڵی 2007 گەیشتووەتە بازاڕەکانی ئەمریکا، ئەمڕۆ سێشەممە تابلۆکە گەڕێنرایەوە عێراق.
لە ساڵی 2019 وەزارەتی دادی ئەمریکا تابلۆکەی ڕادەستی باڵیۆزخانەی عێراق کردووەتەوە و ئەمڕۆ ئەو تابلۆیە لەگەڵ 17 هەزار پارچە شوێنەواری دیکەدا گەڕێنرانەوە عێراق.
وەزارەتی ڕۆشنبیری و شوێنەواری عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، ئەمڕۆ لە کاتژمێر 11:00ی پێشنیوەڕۆ تابلۆکە گەیشتووەتەوە باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق و لەوێ ڕادەستی وەزارەتی ڕۆشنبیری و شوێنەوار کراوە.
وەزارەتەکە دەڵێت، تابلۆی “خەونی گلگامش” کۆنترین کاری ئەدەبییە لە مێژووی عێراقدا کە بەزمانی سۆمەری نووسراوە و مێژووەکەی بۆ زیاتر لە سێ هەزار و 500 ساڵ دەگەڕێتەوە.
وێنەی تابلۆی “خەونی گلگامش” دوای گەیشتنەوەی بە عێراق: