داگیرکردنی تاریکی.. نوێترین ڕۆمانی بەختیار عەلی

بەرگی ڕۆمانە نوێیەكەی بەختیار عەلی

نوێترین ڕۆمانی بەختیار عەلی بە ناونیشانی “داگیرکردنی تاریکی” لە ماوەیەکی نزیکی داهاتوودا دەکەوێتە بەردەستی خوێنەران، ڕۆمانەكە باس لەو “دونیا ترسناکە دەکات کە نەتەوەپەرستە تورکەکان لە سەدەی بیستدا دایانمەزراندووە”.

لە ڕاگەیەندراوێكدا كە لە پەڕەی فەرمی بەختیار عەلی، ڕۆماننوس و نوسەری دیاری كورد ئەمڕۆ سێشەممە 6ی تشرینی یەكەم بڵاوكراوەتەوە ئاماژە بەوەكراوە، نوێترین ڕۆمانی ئەو نوسەرە بە ناونیشانی “داگیرکردنی تاریکی” لە ماوەیەکی نزیکی داهاتوودا دەکەوێتە بەردەستی خوێنەران.

لەبارەی ڕوداوەكانی نێو ڕۆمانەكەوە ئەوە خراوەتەڕوو، “شانۆی ڕوداوەکان تورکیایە و کاتی ڕودانی بەشی هەرە زۆری پێشهاتەکانیش، ساڵانی 1945 بۆ 1979 یە، واتە سەردەمی دوای جەنگی جیهانی دووەم تا دەگەینە سەر كودەتای سەربازی و فاشیستییەکەی کەنعان ئیفرین”.

ئەوەش ئاشكراكراوە، ڕۆمانەکە گێڕانەوەی ژیانی بنەماڵەی تاریق ئاکانسویە کە پرۆفیسۆرێکی زانکۆی ئەنکەرەیە و شەیدایەکی فەلسەفەی هێربەرت سبنسەر و داروینییە کۆمەڵایەتییەکانە، ئاکانسو کەمالیستێکی توندڕەوە و دەیەوێت تورکیا بۆ قۆناغی دوای جەنگی جیهانی ئامادەبکات.

بە فەرمانی سەرۆکوەزیران «عیسمەت ئینونو»، ئەرکێکی گەورەی پێسێردراوە تا جێبەجێیبکات، کاتێک ساڵی 1945 تاریق ئاکانسو دەگاتە شاری ئامەد، هاوشان بە دوو کوڕەکەی لە ماڵێکی تایبەتیدا نیشتەجێدەبن، کە دواتر دەبێت بە شانۆی زۆر ڕوداوی مێژوویی.

عەلی ئیحسان ئاکانسوی کوڕە بچوکی تەمەنی 13 ساڵانە و ئارسین ئاکانسوی کوڕە گەورەی تەمەنی 16 ساڵانە.

ئەوەش لەبارەی ڕۆمانەكەوە وتراوە، ڕۆمانەکە لەگەڵ گۆڕان و گەشە و ناکۆکییە قووڵەکانی ناخی هەر دوو ئەم کاراکتەرە سەرەکییەدا گەشەدەکات و تا کۆتایی دەڕوات، جگە لە تاریق ئاکانسو و کوڕەکانی، ڕۆمانەکە ژمارەیەک پاڵەوانی سەرەکی دیکەشی تێدایە کار لە ڕەوت و شێوەی ڕوداوەکان دەکەن، لەوانە عیسمەت ئۆکتای، تورکێکی سەر بە گورگەبۆرەکانە و تووشی نەخۆشییەکی ناوازە بووە، ئیمران کارتاڵ، ڕاوکەرێکی شارەزای تورکە و 20 ساڵە لە چیاکانی کوردستاندا ڕاودەکات، جەوهەر سیزار، کوردێکی ڕۆحسوکە و لە یەکێک لە گوندەکاندا کاری تارسازیی دەکات.

لە ناو ڕۆمانەکەدا هەندێک کاراکتەری مێژوویی ڕاستەقینە تێکەڵ بە هەندێک کاراکتەری خەیاڵی دەبن و پێکڕا باس لەو دونیا ترسناکە دەکەن کە نەتەوەپەرستە تورکەکان لە سەدەی بیستدا دایانمەزراندوە.

 

کۆی ئەم تێکستە گەشتێکی درێژە بە مێژووی نوێی تورکیادا و ڕاوەستانە لەسەر ڕووی تاریک و خوێناوی ئەو مێژووە، شۆڕبوونەوەیە بە ڕۆحی داگیرکەرەکانی کوردستان و خەون و ترسەکانیاندا، وەك لە ناساندنی ڕۆمانەكەدا باس كراوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، ڕۆمانەکە نزیکی 722 لاپەڕەی قەبارە گەورەیە و لەلایەن ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەندەوە چاپ و بڵاودەکرێتەوە.

بابەتی پێشتر

دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان دواخرا

بابەتی دواتر

خەڵاتی نۆبڵی فیزیا بە سێ زانای دۆزەرەوەی 'گەورەترین نهێنی گەردوون' بەخشرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share