مێسی: هیچ کاتێک خۆم بە باشترینی مێژووی تۆپی پێ دانەناوە

لیۆ مێسی، ئەفسانەی زیندووی ئەرجەنتین و یاریزانی یانەی پاریس سان جێرمان، چاوپێکەوتنێک لەگەڵ گۆڤاری فرانس فوتباڵی فەرەنسی ئەنجامدەدات، تیایدا بەم جۆرە وەڵامی پرسیارەکان دەداتەوە:

 

“لە خێزانێكی ئیشكەرەوە پەروەردە بووم، باوكم بە درێژایی ڕۆژ كاری دەكرد، بۆ ئەوەی ماڵەكەمان هیچی كەم نەبێت.”

 

“باوكم فێری كردین هەمیشە خۆنەویست بین، كاتێكیش پەیوەندیم بە یانەی بەرشلۆنەوە كرد، لەسەر هەمان ڕێگە دەڕۆیشتن.”

 

“كاتێك چومە پاریس سانجێرمانەوە، ژمارە 10 لای نێیمار بوو، ئامادەیی خۆی پیشاندا بیداتە من، بەڵام ژمارە 30 م هەڵبژارد.”

 

“ئاسایی بوو بەلامەوە ژمارە 10 لای نێیمار بێت، دەشمزانی كە ئەو ئامادەیە ژمارەكەی خۆی بداتە من، چونكە ماوەیەكی زۆر یاریمان پێكەوە كردبوو.”

 

“هەمیشە ڕەتمكردۆتەوە كە خۆم بە باشترین یاریزانی مێژوو بزانم، بەردەوام ویستومە یەكێك بم لە باشترینەكان.”

 

“بیرمە لەگەڵ باوكم چوم بۆ پشكنین، پاش چەند كاتژمێرێك، بە باوكمیان وت كە كەمی هۆڕمۆنم هەیە.”

 

“دواتر بۆیان باسكردم كە چۆن كەمی هۆڕمۆن چارەسەر دەبێت، پێویست بوو دەرزی تایبەت لەخۆم بدەم و لە ژیانی ئاسایی-ش بەردەوام بم.”

 

“دەرزی لێدان بوو بە بەشێك لە ژیانی تایبەتیم، بەردەوام دەبوو ئاگام لە دەرزییەكە بێت و لە شوێنی سارد هەڵیبگرم.”

 

“یانەی نیوڵز ئۆڵد بۆیز بەڵێنی ئەوەیاندا هاوكاری باوكم بكەن بۆ ئەوەی پارەی دەرزییەكان پەیدا بكات، بەڵام بەڵێنەكەیان نەبردە سەر.”

 

“كاتێك هەلی ئەوەم بۆ دروستبوو بچمە بەرشلۆنەوە، ماڵئاوایمان لە هاوڕێ و دراوسێكانمان كرد.”

 

“ساڵی یەكەمم لە بەرشلۆنە زۆر ئاڵۆز بوو، ناسنامەو پشتگیرییەكەم لە یانەی نیوڵز ئۆڵد بۆیز دواكەوتبوو، توشی پێكانێكیش بووم سێ مانگ دووركەوتمەوە.”

 

“من ڕۆژانە ڕاهێنان دەكەم بۆ ئەوەی باشتر بم.”

 

“چەند جیاواز لە هێرشبەر هەیە، من خۆم بە یاریزانی هێرشبەر هەژمار ناكەم، پێمباشترە لەدەرەوەی هێڵی سزاوە هێرش ببەم، گۆڵەكانیشم بۆیە جیاوازن.”

 

“كەسێك نەمناسێت شەرمنم، بەڵام كە ناسیمی، جیاواز دەردەكەوم.”

 

“هەرگیز خۆم بەراورد نەكردووە بە مارادۆنا، گرنگیش بەو شتانە نادەم، بەڵام پێمناخۆشە كە بەم دواییە هەندێ ڕەخنە گیراوە لەجێی خۆی نەبووە.”

 

“بە دۆخی زۆر قورسدا تێپەڕیم لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، هەندێ لە ڕەخنەكانیش زۆر ناهەقی بوون.”

 

“زۆربەی ڕاهێنەرەكان ئەو تایبەتمەندییەیان پێداوم كە پابەند نەبم بە هیچ پێگەیەكەوەو سەربەست بم لەناو یاریگادا، كە ئەوەش بۆ تیپی بەرامبەر هەمیشە ئاڵۆز بووە.”

 

“لە ئێستادا پاش شكستەكان دۆخەكە گۆڕاوە، لەگەڵ منداڵەكانم یاریی دەكەم و لەبیری خۆمی دەبەمەوە، پێشتر كاتێك هەر من و ئەنتۆنێلا بوین، زۆر غەمبار دەبوم و قسەم لەگەڵ كەس نەدەكرد.”

 

“هەمیشە ویستومە سەركەوتن بەسەر خۆمدا بەدەست بهێنم، سەیری هیچ كەسێكی ترم نەكردووە، بەڵام بەڵێ ماوەیەكی زۆر من و ڕۆناڵدۆ لە یەك خولدا یاریمان كردووە و ڕكابەریشمان هەبووە.”

 

“هێنری كەسێكی خۆشەویستە و ماوەیەكی زۆر لە ژوری خۆگۆڕین پێكەوە بوین، هەمیشە وتەی جوانی بەرامبەر من هەبووە.”

 

“من حەزدەكەم زۆربەی كاتەكان لەماڵەوە بەسەر بەرم، هەوڵ دەدەم ماڵەكەم شوێنێكی خۆش بێت بۆ خێزانەكەم.”

 

“ئەنتۆنێلا كەسێكی تایبەتە، تەنها لەبەرئەوە نا كە دایكی منداڵەكانمە، لەبەرئەوەی بە درێژایی ژیانم لە تەنیشتم بووە، ئەو بەتەواوی من دەناسێت، ئەشزانێت لە دۆخە قورسەكان ڕزگارم بكات.”

 

“من و ئەنتۆنێلا كاتی خۆش بەسەر دەبەین، ئەو كەسێكی تایبەتە لە ژیانی مندا، هەروەها لە ژیانی منداڵەكانیشدا.”

 

“بەم دواییە كاتێكی خۆشم لە ئەرجەنتین بەسەر برد، بەتایبەت دوای بەدەستهێنانی ناسناوی كۆپائەمریكا.”

بابەتی پێشتر

سبه‌ینێ ده‌وامى خوێندكارانى هەردوو زانكۆى سلێمانى و پۆلیتەکنیک ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌

بابەتی دواتر

خێرخوازان تەرمی پەنابەرێکی کورد لە ئەوروپاوە دەنێرنەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share