ڕیبیچ: ئێبرا ڕابەرمانە و بەهۆی گرینۆکی و نواندنەوە هیگواینم خۆشناوێت

ئانتی ڕیبیچ، هێرشبەری یانەی ئەی سی میلان چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ڕۆژنامەی لاگازێتا دێلۆ سپۆرتی ئیتاڵی ئەنجامدەدات، لەوەڵامەکانیدا ئاماژە بە چەندین بابەتی ناوخۆیی میلان و بۆچوونە تایبەتییەکانی سەبارەت بە هەندێک لە یاریزانان دەکات.

ئەستێرە کرواتییەکە سەرنج دەخاتە سەر ڕووبەڕوبونەوەی نێوان یانەکەیی و یوڤانتۆس، کە بەسەرکەوتنی میلان کۆتاییهات، لە ژووری جلگۆڕینەکان چی ڕوویداوە و یاریزانان لەبارەی چییەوە گفتووگۆیان کردووە، هەروەها باس لە کاریگەرییەکانی زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ دەکات لەسەر پێکهاتەی میلان بەگشتی.

دەگەڕێینەوە بۆ دواوە و باس لە یاریی نێوان میلان و یوڤانتۆس دەکەین، وا دەردەکەوت بەرانبەر یوڤی باشتربوویت و گڕوتینێکی ناوازەت هەبوو، ڕاستە؟

دوو جۆر ڕیبیچ بوونی هەیە، لە ژیانی تایبەتیدا لەسەرخۆم و دوورم لە جەنجاڵی، لەناو یاریگا ڕیبیچێکی دیکەم، ڕیبیچێک تۆپ دەپچڕێنێت و ڕووبەڕووی هەمووان دەبێتەوە، ڕەنگە هەندێکتان بەرچاوتان کەوتبێت لە ساتێکی یارییەکەدا شتێکم بە گۆنزالۆ هیگواین وت.

چی ڕوویدا؟

ئەو جۆرە یاریزانانەم خۆشناوێت، لەڕووی جەستەییەوە زەبەلاح و بەهێزن، بەڵام هەر بەریەککەوتنێکت لەگەڵیاندا دەبێت خۆیان دەکوتن بەزەویدا و سێ خولەک دەتلێنەوە، هەمان بابەت فیدریکۆ بێرناردێسکیش دەگرێتەوە، ئەم بەریەککەوتنانە لەڕووبەڕوبونەوەی سپال لەگەڵ زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ ڕوویدا و چەندین لێدانیان ئاڕاستەکرد، بەڵام بەخێرایی هەڵدەستایەوە سەرپێیەکانی، هەندێک یاریزان دەبینیت وەک هیگواین بەهۆی بەریەککەوتنەکانەوە دەگرین.

لەنێوان تۆ و هیگواین چی وترا؟

لە قۆناغێکی یارییەکەدا هیگواین و چێزنی پێیان وتم: دوو گۆڵ دوواکەوتوون، لەخۆبایی مەبە هەموو شتێک کۆتاییهاتووە، لەو کاتەدا هیچ وەڵامم نەدانەوە، لەکاتێکدا من کەسێکم حەزم بەوە نییە لە ئاستم کەمبکرێتەوە و هەمیشە وەڵامی ئەو جۆرە سوکایەتی پێکردنانە دەدەمەوە، ڕەنگە ئەو کاتە بەباشم نەزانیبێت وەڵامیان بدەمەوە، بەڵام دوای گۆڵی چوارەم بە چێزنی گۆڵپارێزم وت: ئەوە هێزی منە، هەرکەسێک بوێری هەبێت هێرش بکاتە سەرم دەبێت باجەکەی بدات.

میلان بەرەو گۆڕینی ڕاهێنەر هەنگاو دەنێت، ڕەنگە ڕاڵف ڕانینگ بۆ وەرزی داهاتوو ببێتە ڕاهێنەرت، ئەم ڕاهێنەرە باش دەناسیت، ڕاستە؟

بەڵێ، لەدوای پێشکەشکردنی ئاستێكی بەرز لە مۆندیالی ڕووسیا، بەرپرسانی کۆمپانیای ڕێدبول پەیوەندییان بە لێپرسراوی کارەکانمەوە کردبوو پێیانوتبوو کە سەرسامن بەتواناکانم، هاتنە فلۆرنسا (ئەوکاتە لە فیۆرنتینا یاری دەکرد)، پێیان وتم بۆ لایپزیگ یاریدەکەیت یان سالزبۆرگ؟ لایپزیگم هەڵبژارد هەرچەندە لە خولی پلە دوو یارییان دەکرد، لەو کاتەدا ڕانینگ پڕۆژەی یانەکەی بۆ شیکردمەوە، ڕۆژگاریش سەلماندی ڕاستگۆبووە، بەڵام کاتێکی زۆرم لەو یانەیە بەڕێنەکرد و بەهۆی کەمی چانسی یاریکردن ماڵئاواییم لێکردن.

سەرچاوەکانی هەواڵ لوکا یوڤیچ بە میلانەوە دەبەستنەوە، ئەم یاریزانە لە فرانکفۆرت هاوڕێت بووە، لەم بارەیەوە بۆچوونت چییە؟

یاریزانێکی نایابە، پەیوەندیکردنی بە یانەی ڕیاڵ مەدریدەوە بە هەڵکەوت نەبوو، بەداخەوە پێکانەکان ڕێڕەوی بەرەوپێشچوونیان لێگرت، ئەگەرنا من دەزانم لە چ ئاستێکدایە، زۆر بەهێزە.

لە فرانکفۆرت گونجاندنێکی ناوازە لەنێوانیاندا هەبوو، ئەوە چۆن ڕوویدا؟

یاریکردن لەگەڵ یوڤیچ وەک یاریکردنە لەگەڵ زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ، تۆپەکەی وەردەگرت و مەودای فراوانی بۆ دەڕەخساندم.

بەڕێوەبەری پێشووی میلان، بۆبان تۆی گواستەوە بۆ میلان، پێتوایە سەرکەوتنی تۆ واتای سەرکەوتوویی ئەو بەڕێوەبەرەیە؟

لە گواستنەوەم بۆ میلان یەکلاکەرەوەبوو، دوای کۆتا یارییمان بەرانبەر یوڤانتۆس بۆ پیرۆزبایی پەیوەندی پێوەکردم، خۆشحاڵم کە سەلماندوومە بۆبان لە گواستنەوەم بۆ میلان سەرکەوتووبووە.

دوای یاریکردن لەگەڵ زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ، چیت هەیە بە ئێمەی بڵێیت؟

یاریزانێکی تەماعکارە و بە کەم ڕازی نابێت، ئێبرا سەرکردە و ڕابەری ڕاستەقینەیە، بەر لە دەستپێکی یارییەکەی یوڤانتۆس پێی وتین: با بچینە ناو یاریگا و نیشانی یاریزانانی یوڤانتۆسی بدەین چۆن یاریی تۆپی پێی ئەنجامدەدرێت، هەمیشە کار بۆ بەرزکردنەوەی ورەمان دەدات، بەهەمان شێوە کایەر و بیگۆڤیچ، ئەوانە یاریزانانی ئەزموندارن و جێدەستیان بە پێکهاتەی میلانەوە و بەسەر ئێمەشەوە دیارە، ئێبرا بەتایبەت زۆری پێشکەشکردووین و ئێمەی گەیاندووەتە ئاستێکی بەرزتر.

بابەتی پێشتر

پۆچتینۆ: پێموابوو جێگەی مۆرینیۆ دەگرمەوە و تەلەفونم بۆ گواردیۆلا کرد

بابەتی دواتر

ئالێگری: سەرسامم بە گواردیۆلا و ئەوەی زێدان بە کاسیمێرۆی دەکات ماستەر کلاسە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

پێنج پرسیار لە هالاند

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی “ستادیەم ئاسترۆ”، ئێرلینگ هالاند بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەکان دەداتەوە. ڕۆیشتنی سانچۆ هەواڵێکی ناخۆشبوو؟ من…
Total
0
Share