ئینفاتینۆ: ڕەخنە لە قەتەر مەگرن، ئەوروپا دەبێت داوای لێبوردن بکات

سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان، جیانی ئینفانتینۆ بە توندی بەرپەرچی ئەو هەڵمەتانە دەداتەوە، کە دژی قەتەر و مۆندیالی 2022 دەستیان پێکردووە.

ئینفانتینۆ، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە دەوحەی پایتەختی قەتەر زۆر بە توودی هێرشیکردە سەر ئەوروپا و میدیاکانی بەریتانیا، تۆمەتباریکردن بە هەوڵدان بۆ بێبایەخکردنی هەوڵ و ماندووبوونی وڵاتانی خۆرهەڵات لە بواری تۆپی پێدا.

 

بۆچوونەکانم ناشارمەوە

“بۆچوونەکانم بە نهێنی ناهێڵمەوە، بەڵکو دەڵێم ئەو هەڵمەتانەی دژی قەتەر دەستیانپێکردووە دڵتەنگی کردووم، بەڵام لە بۆچوونەکانم پاشەکشە ناکەم، چونکە بە چاوی خۆم بینیومە قەبارەی هەوڵەکانی قەتەر بۆ میوانداریکردنی مۆندیال چەند گەورە بووە.”

 

فیفا بەرپرسە

“ئەوەی بەرپرسە لە مۆندیال فیفایە، ئەوەی ئاگاداری کرێکارانە ئێمەین لەگەڵ قەتەر، ستانداردی کارکردن لێرە هاوشێوەی ئەوروپا و ڕۆژئاوا بووە، داواش لە ئەوروپا دەکەم لەبری ڕەخنەگرتن گەشەی زیاتر بە تۆپی پێ بدات، ئەوەی ئەوان دەیکەن دادپەروەری نییە.”

 

من قەتەریم

“ئێستا هەستدەکەم قەتەریم، عەرەبم، ئەفریقیم، هەستەکەم لە هەموو ئەو گەلانەوە هاتووم کە بەشدارییان لەم وەشانەی مۆندیالدا کردووە، دەزانم گەلان هەست بە چی دەکەن.”

 

ڕەخنەی نابەجێ

“من وەک کەسێکی ئەوروپی قسەدەکەم، دەبێت هەمووان یەکگرتوو و یەکدەستەبین لە پێناو تۆپی پێدا، بەڵام ئێستا ڕووبەڕووی ڕەخنە و ناڕەزایەتییەک بووینەتەوە کە هەرگیز لە بەرژەوەندی و لەپێناوی تۆپی پێدا نییە.”

 

ئەوروپا و داوای لێبوردن

“من ئەوروپیم و گەلانی ئەوروپا بۆیان نییە کاریگەری لەسەر کەلتووری گەلانی دیکە دروست بکەن، ئەوان لەپای ئەوەی لە ماوەی سێ هەزار ساڵی ڕابردوودا کردوویانە پێویستە داوای لێبوردن لە جیهان بکەن، باشترە لە داهاتوودا ڕەخنەکانیان بونیادنەربێت.”

 

کراوەین بەڕووی جیهاندا

“قەتەر توانای هەیە لە هەموو ڕوویەکەوە مامەڵە لەگەڵ مۆندیال و ڕووداوەکاندا بکات، فیفاش بۆ هەمووانە و بە ڕووی هەموو گەلانی جیهاندا کراوەیە و جیاوازی لەنێوانیاندا ناکات، دڵنیاشین وەشانی قەتەر یەکێک دەبێت لە باشترینەکان.”

 

با ڕەخنە لە من بگرن

“با هەمووان سەرنجیان لەسەر تۆپی پێ بێت، با ڕەخنە بگرن، ڕەخنە لە من بگرن و لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان بە هەهەمانشێوە، چونکە من بەرپرسیارم لە هەموو شتێک، بەڵام با وازبهێنن خەڵک چێژ لە مۆندیالێک ببیبێت کە چوار ساڵ جارێک ئەنجامدەدرێت و ماوەی چوار ساڵ چاوەڕێی دەکەن.”

بابەتی پێشتر

پۆچتینۆ دەرگای بۆ مەدرید و مانچستەر کردەوە

بابەتی دواتر

بەرشلۆنە (10) یاریزانی مۆندیالی کردووەتە ئامانج

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share