وەزیری كاری حكومەتی كاربەڕێكەری ئەڵمانیا دەڵێت، هاوپەیمانیی داهاتووی وڵات سیاسەتێكی كراوەتری كۆچ پەیڕەو دەكات، ئەوەش دەگەڕێنێتەوە بۆ كەمی كادری هونەری.
هاوپەیمانیی “ئاماژەی هاتوچۆ” كە بڕیارە پاش چەند ڕۆژێك حكومەتی نوێ لە ئەڵمانیا پێكبهێنێت، سوورە لەسەر چارەسەری كێشەی كەمی كادری هونەریی تایبەتمەند لەڕێی گرتنەبەری سیاسەتێكی كراوە لە بواری كۆچ و زیادكردنی ژمارەی ڕاهێنەران.
هاوپەیمانییەكە، كە هەریەك لە پارتی سۆشیال دیموكرات، پارتی دیموكراتی ئازاد و پارتی سەوز لەخۆدەگرێت، بە هاوپەیمانیی ئاماژەی هاتوچۆ ناودەبرێت، بەهۆی ڕەنگی هێمای پارتە بەشدارەكان، كە سوور و زەرد و سەوزن.
هۆبرتۆس هایل، وەزیری كار لە حكومەتی كاربەڕێكەر، كە ئەگەر زۆرە لە حكومەتی نوێدا لە پۆستەكەیدا بمێنێتەوە، وتی، هاوپەیمانیی نوێ بڕیاریداوە زیاتر لیبڕاڵی بێت لەبارەی پرسی كۆچەوە.
هایل لەمیانەی لێدوانێكی ڤیدیۆییدا لە كۆنگرەی خاوەنكاران لە ڕۆژهەڵاتی ئەڵمانیا، كە تیایدا تاوتوێی هێزی كاری گونجاوی دەرەوە كرا، ئاماژەی بە یاسای كۆچی كادیرە هونەرییە تایبەتمەندەكان كرد، كە لە ساڵی 2020ــەوە هەیە، ئەو یاسایەی سێ پارتەكە دەیانەوێت بەرفراوانی بكەن و وتی، “جوانترین بیروبۆچوونەكان بۆ كۆچی گونجاو سوود بەهیچ شتێك ناگەیەنێت ئەگەر وڵاتێك نەبین كە پێشوازی لەوانە بكەین كە دەتوانین سوودیان لێوەربگرین”.
هایل، كە سەر بە پارتی سۆشیال دیموكراتە، داوای لە پارتەكەی ئۆلاڤ شۆلتس، ڕاوێژكاری داهاتوو كرد، كارێك بكات ڕاهێنانی پیشەیی زیاتر سەرنجڕاكێش بێت، ئاماژەی بەوەكرد كە “ئەڵمانیا تەنها پێویستی بە هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر نییە، بەڵكو پێویستی بەوانەشە كە ڕاهێنانی پیشەییان وەرگرتووە”.