سزا بەسەر ڕوسیادا دەبارێنرێت

بڕیارەكەی پوتین بۆ داننان بە هەردوو كۆماری لۆگانسك و دۆنیتسك، كاردانەوەی نێودەوڵەتیی بەدوای خۆیدا هێنا، زۆربەی كاردانەوەكان دژ بە بڕیارەكەی مۆسكۆن، چاوەڕواندەكرێت ئەمریكا و ئەوروپا سزا بەسەر ڕوسیادا بسەپێنن و لە هەنگاوێكی لەو شێوەیە زۆر دوانەكەون.

هەر زوو، ئۆكرانیا داوای كۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكانی كرد و كۆبوونەوەكە ئەنجامدرا، نوێنەرەكەی ئۆكرانیا پێش ئەوەی دەست بە وتارەكەی بكات، ماسكەكەی لابرد، وتی، دژی كۆڤید ڤاكسینی كردووە، بەڵام ئەوەی ئێستا نەخۆشە، نەتەوە یەكگرتووەكانە و ڕوسیا بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆس لە ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكە.

سێرگی کێسلیتسیا، نوێنەری هەمیشەیی ئۆكرانیا لە نەتەوە یەكگرتووەكان، بڕیارەكەی ڕوسیای بە نایاسایی ناوبرد و دووپاتیكردەوە، سنوورە دانپێدانراوەكانی ئۆكرانیا وەك خۆیان دەمێننەوە.

لای خۆیەوە ڤاسیلی نیبینزیا، كە نوێنەری هەمیشەیی ڕوسیایە لە ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكە، لەگەڵ ئەوەی باوەشی كراوەی ڕوسیای بۆ دیپلۆماسییەت و گفتوگۆ دووپاتكردەوە، بەڵام نەیشاردەوە، كە مۆسكۆ ئامادەی هەر بەرگریكردنێكە لە ناوچەكانی خۆرهەڵاتی ئۆكرانیا دژ بە هەر هێرش و پەلامارێكی كیێڤ.

چین لەڕێگەی نوێنەرەكەیەوە لە نەتەوە یەكگرتووەكان داوای دانبەخۆداگرتنی لە تەواوی لایەنەكان كرد، بۆ خۆلادان لە هەر كارێك ببێتە هۆی هەڵكشانی زیاتری ئاڵۆزییەكان.

ئەمریكا لە دۆخەكە نیگەرانە، لیندا تۆماس – گرینفێڵد نوێنەری هەمیشەیی واشنتۆن لە نەتەوە یەكگرتووەكان گاڵتەی بە قسەكانی ڤلادیمێر پوتین هات بەوەی ئەركی هێزە ڕوسییەكان پاراستنی ئاشتی دەبێت لە لۆگانسك و دۆنیتسك، بەوتەی نوێنەرەكەی ئەمریكا، ڕاستیی مەسەلەكە ئەوەیە كە ناردنی هێز بۆ خۆرهەڵاتی ئۆكرانیا ئامادەكارییە بۆ كۆكردنەوەی هێزی زیاتر و هێنانەوەی بیانوو بۆ هەڵگیرسانی جەنگ.

باربارا ودوارد نوێنەری هەمیشەیی بەریتانیاش لە نەتەوە یەكگرتووەكان داوای لە وڵاتانی ئەنجومەنی ئاسایش كرد یەكگرتوو بن بەرامبەر ڕوسیا، هانی مۆسكۆشی دا بەرەو دواوە بكشێتەوە.

هەر زوو بڕیارەكەی پوتین بۆ داننان بە هەردوو هەرێمەكەی خۆرهەڵاتی ئۆكرانیا كاردانەوەی وڵاتانیشی لێكەوتەوە، جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا سزای بەسەر هەریەكە لە كۆمارەكانی لۆگانسك و دۆنیتسكدا سەپاند و مامەڵەی بازرگانیی لەگەڵ دوو كۆمارەكەدا قەدەغەكرد، پێدەچێت ئەمڕۆش سزا بەسەر ڕوسیادا بسەپێنن.

هەروەها وڵاتانی ئەوروپا ئەمڕۆ بڕیاردەدەن لەسەر سزادانی ڕوسیا و لەبارەی سروشتی سزاكانەوە ڕێكدەكەون، بە ئەگەرێكی زۆر سزاكان ئێوارەی ئەمڕۆ ڕادەگەیەندرێن.

جۆزێف بۆریێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتیی ئەوروپاش نەیشاردەوە، ئەوروپا و هاوپەیمانەکانی وەڵامی گونجاویان بۆ مۆسكۆ دەبێت.

بابەتی پێشتر

2022/2/22 تەندروستیی سلێمانی ناچار بە بڕیارێك دەكات

بابەتی دواتر

نرخی دۆلار جێگیرە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share