تەندروستیی عێراق ڕایدەگەیەنێت، كار بە ڕێوشوێنەكانی كەرەنتین و وەستاندنی گەشتكردن و گرتنەبەری ڕێوشوێنەكانی خۆپارێزی دەكەن، ئەگەر گۆڕاوی ئۆمیكرۆن لە وڵاتەكە تۆماربكرێت، “كە زانیارییە سەرەتاییەكان باس لە خێرایی بڵاوبوونەوەی و توندیی تووشبوون دەكەن”.
ڕیاز عەبدولئەمیر حلفی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی گشتیی تەندروستی سەر بە وەزارەتی تەندروستیی عێراق ڕایگەیاند، وەزارەتەكەیان پەنادەباتەبەر ڕێوشوێنەكانی پێشوو، وەك دووركەوتنەوەی كۆمەڵایەتی و هەروەها بەردەوامبوون لە وەرگرتنی ڤاكسین، لە ئەگەری دەركەوتنی گۆڕاوی نوێی ئۆمیكرۆن.
حلفی قسەی بۆ ڕۆژنامەی سەباح-ی نیمچەفەرمی كردووە، وتی، گۆڕاوی ئۆمیكرۆن بەوە جیادەكرێتەوە لە گۆڕاوی دەلتا خێراترە لە بڵاوبوونەوەدا و توانای زیاتری تێپەڕاندنی سیستمی بەرگریی هەیە، بۆیە پێویستیی گرتنەبەری سەرجەم ڕێوشوێنەكان بۆ ڕێگری لە هاتنی گۆڕاوەكە دووپاتكردەوە.
بەپێی وتەی بەرپرسەكەی تەندروستی هیچ زامنێك نییە بۆ نەگواستنەوەی ئەو جۆرە بۆ عێراق، “بۆیە پێویستە ئامادەكاری بۆ ئەو ئەگەرە بكرێت لەگەڵ دیاریكردنی زنجیرە و جۆرەكەی لە تاقیگەكاندا”.
حلفی، خۆڤاكسینكردنی وەكو یەكێك لە ڕێكارەكانی بەرگرتن لە گۆڕاوە نوێكە دانا، پێشبینی دەكات كۆی وەرگرانی ڤاكسین تا كۆتایی ئەمساڵ لە عێراق بگاتە 9-10 ملیۆن كەس، لەكاتێكدا نزیكەی 170 هەزار خوێندكار و كەسانی تەمەن 12-17 ساڵ ڤاكسینیان وەرگرتووە.
دوێنێش د. ڕەهێڵ فەرەیدون، بریكاری وەزارەتی تەندروستیی هەرێم لەبارەی سەرهەڵدانی “ئۆمیكرۆن” بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا، لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی عیراق، بە هاوكاریی ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) بەشێوەی یەك تیم كاردەكەین و هۆشداریش دەدرێت لە جۆرە نوێیەكە و ئەگەری هەیە وەك جۆرەكانی تری كۆرۆنا لە داهاتوودا تۆماربكرێت و بێتە ناومانەوە، بەڵام تائێستا لە عێراق و هەرێم هیچ حاڵەتێكی جۆرە نوێیەكەی كۆرۆنا تۆمارنەكراوە”.
هۆشداریشیدا لەوەی، “هەر لەسەرەتای سەرهەڵدانی كۆرۆناوە بابەتی كەرەنتینكردن هەبووە، بۆیە ئێستاش بۆ جۆرە نوێیەكە بەهەمان شێواز و میكانیزمی پێشوو دەبێت و هەر گەشتیارێك لەو وڵاتانەی كە جۆرە نوێیەكەی تێدا تۆماركراوە بگەڕێتەوە، كەرەنتین دەكرێت”.
د. ڕەهێڵ فەرەیدون لەبارەی مەترسیی جۆرە نوێیەكەی كۆرۆنا، ڕایگەیاند، “هەرجارێك ڤایرۆسەكە خۆی گۆڕیبێت، خێراتر بڵاوبووەتەوە و نیشانەی نوێی هێناوە، بۆیە ئەم جۆرە نوێیەش بێگومان خێراتر دەبێت و نیشانە و مەترسیی زیاتری دەبێت و لەناو هاوڵاتیاندا خێراتر بڵاودەبێتەوە، چونكە مەترسییەكە لەوەدایە هێشتا ئێمە شەپۆلی سێیەمان تێنەپەڕاندووە و ئەمە ببێتە شەپۆلی چوارەم، بەڵام بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو جۆرەكان، تاكە چارەسەر وەرگرتنی ڤاكسینە”.
پێشتر ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئەو گۆڕاوە نوێیەی کۆرۆنای لەڕیزبەندیی ئەو ڤایرۆسانەدا دانا کە “مایەی نیگەرانین”.