دەستلەكاركێشانەوەی ماگدالینا ئەندرسۆن، سەرۆك وەزیرانی سوید (54 ساڵ) چوارشەممەی ڕابردوو دۆخێكی ناسەقامگیری هێنایە ئاراوە، كە تەنها حەوت كاتژمێر بوو بۆ ئەو پۆستە دەستنیشانكرابوو.
دۆخەكە وا دەردەكەوت كە “دەركەوتنی سەردەمێكی نوێ بێت” لە سوید، دوای ئەوەی ئەندرسۆن، كە سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتە، بووە سەرۆك وەزیرانی وڵات.
دیمەنی سیاسیی وڵات ڕووبەڕووی هەژان بووەوە بەهۆی “حكومەتە هاوپەیمانییە لاوازەكان”ی پێشوو، بەتایبەت لە حوزەیرانی ڕابردوو و دەنگدان بە وەرگرتنەوەی متمانە لە ستیڤان لۆڤین، سەرۆك وەزیرانی پێشوو، كە دواتر ئەندرسۆن شوێنی لۆڤین-ی گرتووە وەك سەركردەی سۆشیال دیموكراتەكان.
ڕۆژنامەی (نیویۆرك تایمز) هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەكەی گەڕاندەوە بۆ دەنگنەدان لەسەر بودجە، سەرەڕای ناكۆكییەكانی پێشووی لایەنە سیاسییەكان پەیوەندیدار بە كۆچبەران، لەسایەی زیادبوونی دەنگە ناڕازییەكان بەرامبەر كۆچبەران و دژ بە ئەوروپا.
بەپێی رۆژنامە ئەمریكییەكە، سوید لە قۆناغێكدا پێشوازی لە ژمارەیەكی زۆری كۆچبەران كردووە (بەراورد بە دانیشتووانەكەی) زیاتر لەهەر وڵاتێكی دیكەی ئەوروپا، “بەڵام ماگدالینا ئەندرسۆن و ئەو پارتانەی ڕەگوڕیشەی نازییانەیان هەیە و بە سیاسەتی دژ بە كۆچبەران ناسراون”، بەمدواییە ئاستی جەماوەرییان زیادیكردووە.
ئەندرسۆن، كە پێشتر وەزیری دارایی سوید بووە، لە ساڵی 2014دا، وتی، تائێستا ئامادەیە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران، بەڵام تەنها لە حكومەتی یەك حزبیدا.
ئەندرسۆن چوارشەممە دەستلەكاركێشانەوەكەی پێشكەشكرد، ئەمەش دوای ئەوەی پارتی سەوز لە هاوپەیمانیی حكومی كشایەوە بەهۆی شكستیان لە تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای بودجە، فرانس پرێس وای گواستووەتەوە.
دەستلەكاركێشانەوەكە تەنها دوای حەوت كاتژمێر هات لە دەستنیشانكردنی ئەندرسۆن بە سەرۆك وەزیران.
ئەندرسۆن بووە یەكەم ژن لە سوید بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران هەڵببژێردرێت، پاش گەیشتنە ڕێككەوتن لە دواساتەكاندا لەگەڵ پارتی چەپ بۆ زیادكردنی مووچەی خانەنشینی لە بەرامبەر پشتیوانیكردن و دەنگدان پێی.
دوای دەستلەكاركێشانەوەی، ماگدالینا ئەندرسۆن لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەنووسان وتی، ”عورفێكی دەستووری هەیە ئاماژەدەكات بەوەی هەر حكومەتێكی هاوپەیمانی دەبێت دەستلەكاركێشانەوە پێشكەش بكات لە حاڵەتی كشانەوەی یەكێك لە حزبەكانی”، دووپاتیكردەوە، “نامەوێت سەرۆكایەتیی حكومەتێك بكەم كە تانە لەبارەی شەرعیبوونەكەیەوە هەیە”.
ئەو پڕۆژەبودجەیەی لەلایەن حكومەتە تەوافوقییەكەوە پێشكەشكرابوو، دوای پاشگەزبوونەوەی پارتی ناوەند لە دەنگدان پێی، دەنگی پێویستی نەهێنا و لە پەرلەمان مایەوە، لەجیاتی ئەوە، پەرلەمان پشتی بە بودجەی جێگرەوە بەست، كە لەلایەن پارێزگارە بەرهەڵسكارەكان، دیموكراتییە مەسیحییەكان، دیموكراتییە سویدییەكان و ڕاستڕەوە پەڕگیرەكانەوە پێشكەشكرابوو.
لێدانی گورچكبر لەلایەن پێر پۆلۆند، سەرۆكی پارتی سەوزەوە بوو كاتێك وتی، پارتەكەی ناتوانێت بەرپرسیارێتی “بودجەی مێژوویی بەرهەڵسكاران كە بۆ یەكەمجار لەلایەن ڕاستڕەوی پەڕگیرەوە داڕێژراوەتەوە” بگرێتە ئەستۆ، بەر لەوەی دەستلەكاركێشانەوەی لە حكومەت ڕابگەیەنێت.
سەرەڕای پێشكەوتنی سوید لە بواری یەكسانیی نێوان هەردوو ڕەگەز، پێشتر هیچ ژنێك سەرۆكایەتیی وەزیرانی لەو وڵاتەدا وەرنەگرتووە، بە پێچەوانەی سەرجەم وڵاتانی دیكەی باكووری ئەوروپا، بەپێی فرانس پرێس.
ئەندرسۆن هەڵبژاردنی بە سەرۆك وەزیران بە “ڕۆژێكی تایبەتمەند” ناوبرد پاش تێپەڕبوونی سەدەیەك بەسەر بەدەستهێنانی مافی دەنگدان لەلایەن ژنانەوە لە سوید.
لەم مانگەدا ئەندرسۆن جێی ستیڤان لۆڤین-ی گرتەوە لە سەرۆكایەتی پارتی سۆشیال دیموكرات.
ستیڤان لۆڤین پاش حەوت ساڵ مانەوە لە دەسەڵات و ئەو گرفتە سیاسییەی لە سەرەتای هاویندا سەریهەڵدا، لە تشرینی یەكەم دەستیلەكاركێشایەوە، بەر لە كەمتر لە ساڵێك لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی سوید، كە بڕیارە لە ئەیلولی 2022 ئەنجامبدرێت.