وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان پێدانی ژەمی سێیەمی ڤاکسینی کۆرۆنا “زیادەکی” تاوتوێکردووە و بەپێی وەزارەتەکە لەماوەیەکی نزیکدا بڕیاری پێدانی سێیەم ژەمی ڤاکسین بۆ ئەوکەسانە دەدەن کە دوو ژەمی تەواویان وەرگرتووە.
لە ڕاگەیەندراوێکدا دکتۆر سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، “لەگەڵ لیژنەی باڵای ڤاکسین و لایەنە زانستییەکان، پێدانی ژەمی “زیادەکی”ی سێیەمی ڤاکسین و ڕێکار و ڕێنماییەکان تاوتوێکراوە، لە ئایندەیەکی نزیک بڕیاری پێدانی ژەمی سێیەم دەدەین”.
سەبارەت بە پڕۆسەی پێدانی ڤاکسین لە هەرێمی کوردستان، وەزیری تەندروستی دەڵێت، سێ جۆری ڤاکسینی کاریگەر و ڕێگەپێدراو بەردەستە بۆ پێدانی بە هاوڵاتییان، تاڕادەیەک بەرەوپێشچوون هەیە لە بەدەمەوەچوونی هاوڵاتییان بۆ وەرگرتنی ڤاکسینی دژەکۆرۆنا.
بەپێی وەزارەتی تەندروستی، لە دواهەمین هەڵکشانی شەپۆڵی سێیەمی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، دەرکەوتووە ڤاکسین ڕۆڵێکی زۆر گەورەی بینیوە لە کەمبوونەوەی تووشبوون و داخڵبوونی نەخۆشخانە و گیانلەدەستدان.
تائێستا لە هەرێمی کوردستان دوو ملیۆن و 440 هەزار و 966 ژەمی ڤاکسین دابینکراوە، لەو ژمارەیە دوو ملیۆن و 138 هەزار و 399 ژەمە ڤاکسین بەکارهاتووە، هەروەها 180 سەنتەر و 45 تیمی گەڕۆکی پێدانی ڤاکسین هەن.
ئاماری ئەوانەی لە هەرێمی کوردستان ڤاکسینیان وەرگرتووە بەپێی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی تەندروستی بەمشێوەیەیە، 908 هەزار و 157 کەس ژەمی یەکەمی ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە، 613 هەزار و 900 کەسیان ژەمی دووەمیان وەرگرتووە.
بەپێی بڕیاری وەزارەتەكە، لە مانگی داهاتووەوە هەڵگرتنی کارتی ڤاکسین، ڤیزای ئەلیکترۆنی یان پشکنینی هەفتانەی PCR دەبێتە مەرج بۆ دەوام و فەرمانگە و زانکۆ و شوێنە گشتییەکان.