لەگەڵ بەردەوامیی فشارەکانی پۆلیس و سوپای بیلاڕوسیا بۆ ڕەوانەکردنی کۆچبەران لە سنوورەکانەوە تا بگەنە یەکێتیی ئەوروپا، پۆڵەندا بە هاوکاریی یەکێتییەكە سنوورەکانی زیاتر توندتردەکاتەوە، سەرۆك وەزیرانی پۆڵەنداش دەڵێت، “شەڕی ساردی بیلاڕوس لەگەڵمان گەیشتووەتە لوتکە”.
ماتیوز مۆراڤیسکی، سەرۆک وەزیرانی پۆڵەندا، لەبارەی بەردەوامیی مانەوەی کۆچبەران لەسەر سنوور ڕایگەیاندووە، “لۆکاشینکۆ (سەرۆک کۆماری بیلاڕوسیا) جەنگێکی ڕێکخراوی لەگەڵ ئەوروپا ڕاگەیاندووە و کۆچبەران یەکێکە لە فشارەکانی، بەڵام پۆڵەندا خۆی بەدەستەوەنادات و بەردەوامە لە پاراستنی سنوورەکانی”.
سەرۆک وەزیرانی پۆڵەندا ڕوسیاشی تۆمەتبارکردووە بەوەی لەپشتی “جەنگە ڕێکخراوەکە”ی بیلاڕوسیاوەیە.
مۆراڤیسکی بە توندی بەرامبەر بیلاڕوسیا قسەیکردووە و دەڵێت “ئەو شەیتانەی لەبەردەم دەرگای یەکێتیی ئەوروپادایە، ڕادەگیرێت”.
ئێستا پرسی کۆچبەران و مانەوەیان بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێک لەسەر سنوورەکان، پۆڵەندا و یەکێتیی ئەوروپا و چەند وڵاتێکی نزیک لە بیلاڕوسیای کۆکردووەتەوە.
زمانی قسەكردنی بیلاڕوسیا لەبارەی یەکێتیی ئەوروپاوە نەرمترە و تەنها ڕەخنەدەگرێت لە یەکێتیی ئەوروپا كە مافی ئەو کۆچبەرانە نادات كە دەیانەوێت بچنە یەکێتی ئەوروپاوە.
لەگەڵ ئەوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو ئەلیكساندەر لۆكاشینكۆ پۆڵەندای بەوە تۆمەتبار كرد، كە ژەهری خستووەتە ئەو ئاوەی دەیپرژێنێت بەسەر كۆچبەراندا.
ئەو کۆچبەرانەی لەسەر سنوورەکانی بیلاڕوسیا و پۆڵەندا گیریان خواردووە، زیاتر کۆچبەری کوردی خەڵکی هەرێمی کوردستانن و تا ئێستاش سەدان کۆچبەر سوورن لەسەر بەردەوامیدان بەڕێگاکەیان، بۆ گەیشتن بە ئەوروپا.