لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا لە باکووری یۆنان حەوت کۆچبەر گیانیان لەدەستدا و هەشتی دیکە برینداربوون، لەکاتێکدا ویستوویانە بەربەستێکی پۆلیسی یۆنانی لەسەر ڕێگایەكی خێرا تێپەڕێنن.
ئۆتۆمبێلی ئەو کۆچبەرانە کە شۆفێرەکەی کەسێکی مۆڵدۆڤی بووە، لەکاتێکدا بەربەستێکی پۆلیسی یۆنانی لە ڕێگای خێرای نێوان سنووری تورکیا و سالۆنیکی یۆنان تێپەڕاندووە، تووشی ڕووداوی هاتۆچۆ بووە و بەهۆیەوە شەش پیاو و ژنێک گیانیان لەدەستداوە و هەشتی دیکە برینداربوون، ناسنامەی کۆچبەرەکان تائێستا نەزانراوە.
کۆچبەرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا بۆ گەیشتن بە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا، یەکێک لەو ڕێگایانەی دەیگرنەبەر ڕێگای ئاویی “ئیڤرۆس”ــە، کە دەکەوێتە سنووری نێوان تورکیا و یۆنان.