بەشیر حەداد: ئەوانەی کورسیی کەمیان بەدەستهێناوە دەیانەوێت هەڵبژاردن پێوەر نەبێت

بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە خولی چوارەم ئاشکرایکرد، پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو ئاسان نییە و کاتی پێویست دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو لایەنە عێراقییانەی ئەنجامەکان لەچاوەڕوانیی ئەواندا نەبوون، دەیانەوێت هەڵبژاردن نەکرێتە پێوەری پێکهێنانی حکومەت.

لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بەشیر حەداد باسی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق کرد و ڕایگەیاند، بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق جێگیر نییە و هۆکارەکەی زیاتر بۆ ئەو لایەنە سیاسییانە دەگەڕێتەوە کە ئەنجامی هەڵبژاردن بەوجۆرە نەبووە کە چاوەڕێیان دەکرد.

ئاماژەی بەوەکرد، لە هەموو حاڵەتێکدا پێکهێنانی حکومەت ئاسان نابێت و کاتی پێویستە، وەک چۆن هەموو جارەکانی پێشوو کاتی پێویستبووە و ئاسان نەبووە، لەکاتێکدا ئێستا ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن ڕانەگەیەنراوە و لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە پەسەندنەکراوە.

“ئەو لایەنانە دەڵێن یان دەبێت هەڵبژاردنی ئەمجارە هەژمارنەکرێت و دووبارەبکرێتەوە یان دەبێت ئەنجامەکان لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتوودا نەکرێنە پێوەر، بەڵکو بوونی ئێمە لە پێکهێنانی حکومەتدا جێگیربێت و پشکمان دیاریکراوبێت”، بەشیر حەداد وایوت.

جێگری سەرۆكی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق باسی لە ئەگەرەکانی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق کرد کە دوو حاڵەتن، یان لایەنی زۆرینە حکومەت پێکدەهێنێت، یان بەشێوەی تەوافوقی دەبێت، بەبڕوای بەشیر حەداد حکومەتی ئەمجارەش تەوافوقی دەبێت و ڕێگەچارەی دیکە نییە.

سەبارەت بە ڕۆڵی کورد لە حکومەتی داهاتوودا بەشیر حەداد وتی، “لایەنە کوردییەکان لە خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق نەیانتوانی وەک پێویست یەکدەنگبن، هیوادارین لە خولی داهاتوودا ئەو یەکڕیزییە بەهێزتربێت”.

بابەتی پێشتر

داخستنی كلینیكی ئەو پزیشكانەی لە دەرەوەی سنووری خۆیانن گەیشتووە بەكوێ؟

بابەتی دواتر

وه‌زاره‌تى كاره‌با: دۆخی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share