داخستنی كلینیكی ئەو پزیشكانەی لە دەرەوەی سنووری خۆیانن گەیشتووە بەكوێ؟

جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی ڕایگەیاند، بڕیار و جێبەجێكردنی ‏داخستنی کلینیکی ئەو پزیشکانەی لە دەرەوەی شوێنی کارەکانیان کلینیکیان هەیە ‏بەردەوامە، لە هەندێک شوێنیش بەتەواوی جێبەجێکراوە.‏

‏ دکتۆر هێرش سەید سەلیم جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی بەتۆری ‏میدیایی ئێستای وت، ئەو بڕیارەی پێشتر درابوو بۆ داخستن و گواستنەوەی کلینیکی ئەو ‏پزیشکانەی لە دەرەوەی سنووری كارە فەرمییەكەیانن، ڕانەگیراوە و بەردەوامە لە ‏جێبەجێکردن، لیژنەکانی تەندروستی بەردەوامن لە چاودێریکردنی پرۆسەکە.‏

دکتۆر هێرش ئاماژەی بەوەکرد، شارۆچکەی دوکان یەکێکە لەو شوێنانەی بڕیارەکەی تێدا ‏جێبەجێکراوە و هیچ پزیشکێک لەو شارۆچکەیەدا نەماوە کە کارەکانی لە دەرەوەی دوکان ‏بێت، هەروەها جێبەجێكردنی بڕیارەكە لەسەرجەم شوێنەکانی دیکەش بەردەوامە. ‏

سەبارەت بە جێبەجێكردنی بڕیارەکە لە ناوشاری سلێمانی، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ‏تەندروستیی سلێمانی دەڵێت، “بڕیارەکە ئەو پزیشکە پسپۆڕییانە ناگرێتەوە کە کارەکانیان ‏لە دەرەوەی شارە و لەناوشاردا کلینیکیان هەیە، چونکە بەشێک لەوانە پسپۆڕییەکانیان ‏پێویستی بە نەشتەرگەریی گەورە هەیە و ئەوانەش لە دەرەوەی شاری سلێمانی ناکرێت”. ‏

جەختیکردەوە، ئەو بڕیارە کاریگەریی نەرێنیی لەسەر کاری پزیشکان نابێت، چ لەناو ‏شاری سلێمانی، چ لە دەرەوەی شار.‏

پێشتر كە بڕیاری ئەو كلینیكانە درا، باس لە هەفتەیەك مۆڵەت كرا، بەڵام دکتۆر هێرش

دەڵێت، ئەو ماوەیە تەنها بۆ ئاگادارکردنەوەی پزیشکان بووە، نەک ماوەی جێبەجێکردن.‏

لە بەرواری 25ی ئەیلول بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی بڕیارێکی دەرکرد ‏بۆ داخستن، یان گواستنەوەی کلینیکی ئەو پزیشکانەی کلینیکەکانیان لە دەرەوەی سنووری ‏شوێنی كارە فەرمییەكانیانە.‏

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

تەندروستیی سلێمانی دوایین ئاماری گیانلەدەستدان و بریندارەکانی تەقینەوەکە بڵاودەکاتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی دوایین ئاماری قوربانییەکانی ڕووداوی تەقینەوەی غاز لە ماڵێکی گەڕەکی کازیوەی سلێمانی بڵاودەکاتەوە، کە سەرجەمیان…
زیاتر ببینە

تەندروستیی جیهانی: كۆرۆنا گۆڕاوە هیندییەكە خێرا بڵاودەبێتەوە و بەرگەی ڤاكسینەكان دەگرێت

ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی ڕایدەگەیەنێت، جۆرە گۆڕاوە هیندییەكەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، یەكێكە لە هۆكارەكانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە بەشێوەیەكی خێرا لە هیندستان،…
Total
0
Share