ناوچە شوێنەوارییەكانی عەفرین لەلایەن هێزەكانی سەر بە توركیاوە وێراندەكرێن

وێنەی یەكێك لە گردەكان كە لەلایەن ڕوانگەی سوری-یەوە بڵاوكراوەتەوە

گروپە چەكدارەكانی سوریای سەر بە توركیا بەردەوامن لە تێكدانی گردی قیباری شوێنەواری كە 5 كیلۆمەتر لە شاری عەفرینەوە دوورە، ڕوانگەی سوری دەڵێت، تێكدانەكە لەڕێی شۆفڵ و بلدۆزەوە ئەنجامدراوە و چەندین گردی شوێنەواریی دیكەش ڕووبەڕووی هەمان دۆخ بوونەتەوە.

ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ دەڵێت، گروپەكانی سوپای نیشتیمانی لە ساڵی 2018ەوە دەستیان كردووە بە هەڵكۆڵینی گردەكە و لە ساڵی 2019ش دەستیان گەیشتە بەشەكانی ناوەوە و تێكدانی ئەودوای گردە شوێنەوارییەكە بە مەبەستی دزینی كەلوپەل و شمەكە شوێنەوارییەكان بە بەرچاوی هێزەكانی توركیاوە.

لەهەمان كاتدا گروپە چەكدارەكان بەردەوامن لە تێكدانی گردی كشوری شوێنەواری لە ناحیەی ڕاجۆ كە دەكەوێتەسەر سنووری سوریا-توركیا، ئەم كارەش بەهەمان شێوە بەبەرچاوی هێزەكانی توركیا ئەنجامدەدرێت.

گردەكە بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو ڕووبەڕووی چەندین هەوڵی هەڵكۆڵین بووەتەوە كە ڕاستەوخۆ دوای كۆتایی هاتنی پڕۆسەی سەربازیی “چڵە زەیتون” و داگیركردنی عەفرین لەلایەن توركیا و گروپەكانەوە لە ساڵی 2018 دەستیپێكردووە و بەهۆیەوە تائێستا زۆرینەی گردەكە تێكدراوە و لەگەڵ زەوی هاوتا كراوەتەوە.

ڕوانگەی سوری دەڵێت، هەر لە عەفرین گردی دێر سوان لە ناحیەی شران كە لە ساڵی 1981ەوە لە نێو شارە شوێنەوارییەكانی سوریا تۆماركراوە ڕووبەڕووی كاری هەڵكۆڵین و تێكدان بووەتەوە.

بەهەمان شێوە گردی جندیرس كە دەكەوێتە باشووری هەمان ناحیە بۆ مەبەستی بردنی پارچە شوێنەوارییەكانی تێكدراوە.

بەپێی ئەو وێنانەی لەلایەن مانگە دەستكردەكانەوە گیراوە، بەڕوونی تێكدان و لەناوبردنی ناوچە شوێنەوارییەكان لەڕێی شۆفڵ و بلدۆزەر و كارەكانی هەڵكۆڵینەوە دەردەكەون.

پێشتر ئەسمەهان ئەحمەد، بەرپرسی هاوبەشی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری پارێزگای عەفرین ڕایگەیاند، “تورکیا و هێزە بەكرێگیراوەكانی لە کاتی دەستدرێژی بۆ سەر عەفرین نەک تەنیا گەلی کردە ئامانج، بەڵکو هەوڵی لەناوبردنی گرد و ناوچە شوێنەوارییەکانیداوە، بۆ ئەوەی دیمۆگرافیای پارێزگاکە و بگۆڕێ و لەناوبەرێت”.

هاوكات ناوی ئەو گردانەشی ئاشكراکرد کە تاڵانکراون، لەوانە “گردی جوقە، گردی قاوقە، گردی قارە، گردی شوربە، گردی عبێدان، گردی سینکا، گردی حلوبیە، گردی مستو، گردی عەلەمدار”.

بابەتی پێشتر

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق 250 ملیار دینارى دیكه‌ بۆ پاره‌ى گه‌نمى جوتیاران خه‌رج ده‌كات

بابەتی دواتر

وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و هاوپه‌یمانان دوایین هه‌نگاوه‌كانى چاکسازیی تاوتوێكرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share